سەردێڕ:

دوای ٨٧ رۆژ لە جەنگ منداڵێک لە ژێرزەمینێکدا لە ئۆکرانیا رزگارکرا

AM:09:06:23/05/2022

4596 جار خوێندراوەتەوە

منداڵێکی ئۆکرانی کە تەمەنی هەشت ساڵە لەگەڵ خیزانەکەیدا دوای ٨٧ رۆژ لە مانەوە لە ژێرزەمینەکەیاندا لە ترسی بۆردومانەکانی روسیا رزگارکران.


دوای ئەوەی لە ٢٤ی شوباتی ئەمساڵەوە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستیپێکرد، خێزانێکی ئۆکرانی کە خاوەنی منداڵێکی هەشت ساڵن بە درێژایی ٨٧ رۆژ لە ژێرزەمینێکدا لە ترسی جەنگ ماونەتەوە.

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، منداڵەکە ناوی تيمۆفی سيدوفە و لە کاتی رزگارکردنیدا ترسی زۆی پێوە دیاربووە و داوای کردووە بیگەڕێننەوە بۆ ژێرزەمینەکە.

ريتا سوتنيكوفا دایکی تیمۆفی بە گاردیانی راگەیەندووە، "کاتێک کوڕەکەممان لە ژێررزەمینەکە دەرهێنا بە توندی دەستی گرتبووم و بەردەوام دەیوت دایکە با بگەڕێینەوە و خۆمان بشارینەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە، خێزانەکەیان لە ناوچەیەکی نزیکی کیێڤی پایتەخت دەژیان، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکاندا روویان لە شاری خارکێڤ کردووە و دواتریش کە ئەو شارە بۆردوومانکراوە ماوەی ٨٧ رۆژە لە ژێرزەمینێکدا دەژین.

هاوکات رۆژنامەی گاردیان ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا تیمۆفی و خێزانەکەی سەلامەتن و بڕیارە بگەڕێنەو بۆ شارۆچکەکەی خۆیان، چونکە لە ئێستادا ئەوێ شوێنێکی ئارامە بۆ ئەوان و لە ژێر دەستی سوپای ئۆکرانیادایە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی ٨٩ رۆژە هێرشەکانی روسیا بۆ ئۆکرانیا بەردەوامە و زۆرینەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش ئاوارەی ناوچەکانی ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێیان بوون.













گەلەری