سەردێڕ:

شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارینی چڕ رووی لە هەرێم و عێراق کرد

AM:08:16:23/05/2022

3416 جار خوێندراوەتەوە

درەنگانێکی شەوی رابردوو شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین لەناوچەی خۆرئاوای عێراقەوە رووی لە وڵاتکرد و بەرەبەیانی ئەمڕۆش بەچڕی ناونەدی شاری هەولێری گرتەوە بەشێوەیەک لە هەندێ ناوچە مەودای بینین کەمترە لە ١٠٠ مەتر.


پێشتر عامر جابری وتەبێژی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تی رایگەیاندبوو، "کە شەپۆلی خۆڵبارین لە رۆژی یەکشەممەوە دەستپێدەکات و تا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت".

باسی لەوەشکردبوو، "خۆڵبارینەکە لە رۆژی دووشەممەدا چڕتر دەبێتەوە و بۆ بەیانی رۆژی سێشەممە وردە وردە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."

وەزارەتی گواستنەو و گەیاندن کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەشناسی سەر بەو وەزارەتەیە رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی کاریگەری دروستبوونى ناسەقامگیریەک لەسەر بەشێک لە ناوچەکانى باشورى رۆژئاواى عێراق بە تایبەتى، پێشبینی دەکرێت شەپۆڵێکی تۆزوخۆل زۆربەی ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگرێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاریگەرى ئەم خۆڵبارینە لەمڕۆوە دووشەممە چڕ دەبێتەوە لەسەر ناوچەکەمان و ئاستى خۆڵ بارین لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر جیاواز دەبێت و لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ خێراى با زیاد دەکات."

هەروەها، لەلایەن خۆیەوە، سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە هەرێم و عێراقدەکات و کاریگەرییەکەی بەشێوەیەکی چڕ لە شەوی یەکشەممە و ئەمڕۆ رۆژی دووشەممەدا زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، مەودای بینین بۆ کەمتر لە کیلۆمەترێک کەمدەبێتەوە بەمەش ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ و گواستنەوە دروستدەکات، بەڵام پێشبینیدەکرێت رۆژی سێشەممە وردە وردە کاریگەرییەکەی کەمبێتەوە.

ئەوەشی ئاشکرد کردووە، چڕترین خۆڵبارین لە شاری بەغدای پایتەخت لەکاتژمێر چواری بەرەبەیان تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەبێت.

دەشڵێت، حکومەت و دام و دەزگا فەرمییەکان بەرپرسن لەوەی دەوام رادەگرن یان نا، چونکە چڕی خۆڵبارینەکە دەکەوێتە ماوەی دەوامی فەرمی دام و دەزگاکانەوە.

هاوکات، حکومەتی عێراقی رایگەیاند، بەهۆی ناسەقامگیری باری کەشوهەوا و ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی رووی لە وڵات کردووە ئەمڕۆ لە سەرجەم دام و دەزگا فەرمییەکان، جگە لە تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان، دەوام راگیراوە.

چاوگێکیش لە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەوامی فەرمی لە هەرێم بەهۆی خۆڵبارینەوە راناگیرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، وەک پارێزگای سلێمانی ئەوان پشت بە راپۆرتەکانی کەشناسی و تەندروستی سلێمانی دەبەستن و هەر کاتێک پێویست بکات بڕیاری پێویست دەدەن بەڵام تا ئێستا هیچ داخوازییەک بۆ راگرتنی دەوام بوونی نییە.













گەلەری