ئەندامێکی شاندی یەکگرتووی ئیسلامی کە بەشداربووە لە کۆبوونەوەی پارتەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کۆبوونەوەکە تەشریفاتی بووە و تیایدا سەرۆکی هەرێم داوای کردووە وا پیشانبدرێت بۆ رەواندنەوەی چەقبەستویی سیاسی و جۆرێکە لە کۆتایهێنان بە کێشەکان لە هەرێم.
ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێکی ئاگادار و ئەندامی شاندی یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ پارتەکەی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ لای لایەنە سیاسییەکان تەنها تەشریفاتی بووە.
ئاشکراشی کرد، سەرۆکی هەرێم داوایکردووە سەردانەکەی بۆلای پارتەکان وا
پیشانبدرێت بۆ کۆتایهێنان بە کێشەکان و تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی هەرێمە.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا و هەموارکردنەوەی
یاسای کۆمسیۆن، ئەو چاوگە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی ماوەی سەردانەکەی
سەرۆکی هەرێم تەنها یەک کاتژمێر بووە بوار نەبووە باسی زۆر بابەت بکرێت، تەنها
سەرۆکی هەرێم وتوویەتی، هەموو لایەنەکان لە رووی مەبدەئییەوە لەگەڵ ئەنجامدانی
هەڵبژاردنن لە وادەی خۆیدا، ئەمەش پێویستی بە سازانی لایەنەکان هەیە.
لەبارەی یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆک کۆمارەوە، ئەو ئەندامەی شاندی
یەکگرتوو باسی لەوەشکرد، نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێم وتوویەتی، لە سەر ئاستی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی هەردوولا لەسەر
ئەو پرسە کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی
پرسەکانی دیکەی نێوانیان دەکەن.
وتیشی، ئەوان وەک یەکگرتوو، بە سەرۆکی هەرێمییان وتووە، ناکرێت ناوماڵی
کوردی پەرتەوازە بێت و پارتی و یەکێتی سەرقاڵی رێکخستن و ئاشتەوایی نێوماڵی
عێراقبن.
ئەمە لەکاتتێکدایە، پێش کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان،
مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی لە چوارچێوەی ئاهەنگی دەرچوانی خولی ١٦ی
بنەڕەتی و خولی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ژمارە ٦ی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆنفرانسێکی
رۆژنامەنوسیدا ئاشکرای کرد، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ لای لایەنە سیاسییەکان لە
چوارچێوەی هۆشدارییەکانی جنین پلاسخارت پەیکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بووە
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر قەوارەی سیاسی هەرێم و کۆتایهێنان بە زۆنی سەوز و
زەرد.
کارزان تاریق – سلێمانی