سەردێڕ:

سەرۆکی دادگای تێهەڵچونەوەی هەولێر لەبارەی رووداوەکەی ئەمڕۆی دادگاوە روونکردنەوەیدا

PM:10:01:22/05/2022

11728 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی بڕیاری لابردنەکەی لەپۆستەکەی و چوونی هێزێکی ئەمنی بۆ رێگری کردن لە لابردنی لە پۆستەکەی ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری نایاساییە و تانەی لە بڕیارەکە داوە، دەشڵێت، "لەماوەی داهاتوودا روونکردنەوەی پێویست دەدەم."


ئەمڕۆ یەکشەممە، دادوەر "برایم اسماعیل حمد" سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر لە راگەیەندراوەکەدا باسی لەوەکردووە، چونکە ئەوان دادوەرن و لە دادگادا کاردەکەن پێویستە رێکارە کارگێڕییەکان یاسایی بن و دەشڵێت، "بە پێچەوانەوە بڕیاری گۆڕانکاریەکەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچه‌ی هەولێر کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ئەنجام دراوە نایاساییە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە دەبێتە هۆی دروستکردنی خاڵێکی رەش لەسەر سەروەری یاسا و پڕۆسەی دادوەری و وەک مافێکی یاسایی خۆی تانەی لە بڕیارەکە داوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، لە نزیکترین کاتدا راستیەکانی پشت کردارە "نایاساییەکانی" سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری کە چۆن بووە بۆ رای گشتی رووندەکاتەوە.

دەشڵێت، "من ئامادەم بۆ هەر گۆڕانکاریەک کە بەڕێگای دروست و یاسایی ئەنجام بدرێت."

لەبارەی بابەتی چوونی هێزێکی پۆلیس بۆ ناو دادگا بە مەبەستی رێگریکردن لە گۆڕانکاریەکە، ئاماژەی بەوەکردووە، بابەتەکە هیچ بنەمایه‌کی نییە و دوورە لە راستی و بابەتەکە ئەوەیەک کە شاندێکی بیانی سەردانی دادگایان کردووه‌ و ماوەیەک لەلایان ماونەتەوە و چەند دیدار و گفتوگۆیه‌كیان ئه‌نجامداوه‌ وه‌ ئەو پۆلیسانه‌ بۆ پاراستنی شانده‌کە له‌وێ بوون‌ .

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ موراد سورچی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، لەدادگای تێهەڵچوونەی هەولێر، هێزێکی ئەمنی کەبەشێکیان پۆشاکی رەشیان لەبەردابوو رێگرییان کرد لەمەراسیمی ئاڵوگۆڕی سەرۆکی دادگا و لابردنی سەرۆکی ئێستا و دەستبەکاربوونی دادوەری نوێ وەک سەرۆکی دادگاکە.

ئەوەشی خستبووەڕوو، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان لەو کاتەی دادوەر "ئومێد موحسین"، رووی لەدادگای تێهەڵچوونەوە کردووە بۆ ئەوەی وەک سەرۆکی نوێی دادگا کاری خۆی بکات، هێزێک کەپێشتر لەناو دادگا نەبینراون رێگری دەکەن لەوەی دادوەرە نوێکە دەستبەکاربێت.

شایەتحاڵەکان باسیان لەوەکردووە، سەرۆکی دادگا کە بڕیاری لابردنی دراوە، برایەکی لەناو هێزە ئەمنییەکان کاربەدەستەو پێدەچێت لەسەر داوای خۆی براکەی ئەو هێزەی بردبێتە ناو دادگا، چونکە قبوڵی نەبووە شوێنەکەی خۆی جێبهێڵێت.

بڕیاری گۆڕینی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دوای ئەوەی دێت، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دادوەران لەئەنجومەنی داوەری هەرێمی کوردستان بەنوسراوی ژمارە ٢٧٩ کە لە رۆژی ١٥ی ٥ی ٢٠٢٢ دەرچووە، بڕیاری کۆتایهێنان "بەئینتداب کردنی" واتە لابردنی "برایم ئیسماعیل" وەک سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، دانانی "دادوەر ئومێد موحسین" بەک سەرۆکی نوێی دادگای تێهەڵچوونەوە، کە پێشتر وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری بووە.

لەپاڵ ئەو رووداوەدا، چاوگێک بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، ئەو رووداوەی لەناو دادگا روویداوە، گەڕاندییەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشە زیاتر پەیوەندی بەکێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو پارتیەوە هەیە وەک لەوەی کێشەیەکی ئاسایی نێوان دوو دادوەر بێت.

هاوکات، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر هەمان ئەو دادگایە لەماوەی دوو ساڵی رابردودا بەردەوام چالاکوانانی بادینانی تێدا دادگایی کراون.













گەلەری