سەردێڕ:

هێزێکی ئەمنی رێگرییان کرد لە دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگای تێهەڵچوونەوە لە هەولێر

PM:08:58:22/05/2022

4796 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر، لەدادگای تێهەڵچوونەی هەولێر، هێزێکی ئەمنی کەبەشێکیان پۆشاکی رەشیان لەبەردابوو رێگرییان کرد لەمەراسیمی ئاڵوگۆڕی سەرۆکی دادگا و لابردنی سەرۆکی ئێستا و دەستبەکاربوونی دادوەری نوێ وەک سەرۆکی دادگاکە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، موراد سورچی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان لەو کاتەی دادوەر "ئومێد موحسین"، رووی لەدادگای تێهەڵچوونەوە کردووە بۆ ئەوەی وەک سەرۆکی نوێی دادگا کاری خۆی بکات، هێزێک کەپێشتر لەناو دادگا نەبینراون رێگری دەکەن لەوەی دادوەرە نوێکە دەستبەکاربێت.

شایەتحاڵەکان باسیان لەوەکردووە، سەرۆکی دادگا کە بڕیاری لابردنی دراوە، برایەکی لەناو هێزە ئەمنییەکان کاربەدەستەو پێدەچێت لەسەر داوای خۆی براکەی ئەو هێزەی بردبێتە ناو دادگا، چونکە قبوڵی نەبووە شوێنەکەی خۆی جێبهێڵێت.

بڕیاری گۆڕینی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر دوای ئەوەی دێت، بەڕێوەبەرایەتی کاروباری دادوەران لەئەنجومەنی داوەری هەرێمی کوردستان بەنوسراوی ژمارە ٢٧٩ کە لە رۆژی ١٥ی ٥ی ٢٠٢٢ دەرچووە، بڕیاری کۆتایهێنان "بەئینتداب کردنی" واتە لابردنی "برایم ئیسماعیل" وەک سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، دانانی "دادوەر ئومێد موحسین" بەک سەرۆکی نوێی دادگای تێهەڵچوونەوە، کە پێشتر وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری بووە.

لەپاڵ ئەو رووداوەدا، چاوگێک بە ئێن ئاڕتی راگەیاند، ئەو رووداوەی لەناو دادگا روویداوە، گەڕاندییەوە بۆ ئەوەی ئەو کێشە زیاتر پەیوەندی بەکێشە و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو پارتیەوە هەیە وەک لەوەی کێشەیەکی ئاسایی نێوان دوو دادوەر بێت.

هاوکات، دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر هەمان ئەو دادگایە لەماوەی دوو ساڵی رابردودا بەردەوام چالاکوانانی بادینانی تێدا دادگایی کراون.













گەلەری