سەردێڕ:

لەبارەی راگرتنی دەوامی سبەی لە هەرێم روونکردنەوە درا

PM:05:47:22/05/2022

219872 جار خوێندراوەتەوە

دوا بەدوای ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوو و ئەمڕۆشدا هۆشداری لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی خۆڵبارینەوە درا کە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و شارەکانی هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک لە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەسەر داخوازی و ئاماری کەشناسی و تەندروستی بڕیاری پێویست دەدەن بەڵام تا ئێستا هیچ داواکارییەکەی بۆ راگرتنی دەوام نییە.


هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، وەک پارێزگای سلێمانی ئەوان پشت بە راپۆرتەکانی کەشناسی و تەندروستی سلێمانی دەبەستن و هەر کاتێک پێویست بکات بڕیاری پێویست دەدەن بەڵام تا ئێستا هیچ داخوازییەک بۆ راگرتنی دەوام بوونی نییە.

هاوکات، ئێن ئاڕ تی پەیوەندی کرد بە ڕاز کەریم بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەروەدەی گشتی سلێمانی لەبارەی راگرتنی دەوامەوە و رایگەیاند، ئەو پشووەی حکومەتی عێراق بەهۆی خۆڵبارینەوە رایگەیاندوە هەرێم ناگرێتەوە و سبەینێ دەوامی ئاسایییە.

ئەمەش لە کاتیکدایە، کەمێک لەمەوبەر ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی سبەینێ روو لە وڵاتدەکات و بەهۆی خراپبوونی کەشوهەواوە دەوامی فەرمی لەسەرجەم دام و دەزگاکاندا بۆ سبەینێ دووشەممە راگیران.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ شەممە، عەلی حەمید وەزیری پەروەردەی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی تایبەت بە کەشوهەوا لەبارەی دروستبوونی شەپۆلی خۆڵبارینەوە و پێداگری و سووربوون لەسەر پاراستنی تەندروستی رۆڵەکان و خوێندکارەکان بڕیاردراوە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، عامر جابری وتەبێژی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند:" شەپۆلی خۆڵبارین لە سبەینێ یەکشەممەوە دەست پێ دەکات و تا رۆژی سێشەممەش بەردەوام دەبێت".

ئەوەشی خشتەڕوو، شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق دەکات و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. وتیشی: "٢٤ کاتژمێر چاودێری رەوشەکە دەکەن و پێشبینیش دەکەن پلەی گەرما ٤ بۆ ٥ پلە داببەزێت".

وتیشی، "خۆڵبارینەکە لە رۆژی دووشەممەدا چڕتر دەبێتەوە و بۆ بەیانی رۆژی سێشەممە وردە ردە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."

ئاشکراشیکرد، خۆڵبارینەکە بە شێوەیەکی چڕتر لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەبێت و هەرێمی کوردستانش دەگرێتەوە.

هاوڵاتیانیشی ئاگادار کردەوە، شەپۆلەکە ئاساییە و چڕییەکەی وەک شەپۆلی خۆڵبارینەکەی هەفتەی پێشتر نابێت.

هەر ئەمڕۆ، سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە هەرێم و عێراقدەکات و کاریگەرییەکەی بەشێوەیەکی چڕ لە شەوی یەکشەممە و رۆژی دووشەممەدا زیاتر دەبێت.

گۆران لوقمان، سلێمانی

ئیحسان سابر، سلێمانی

ل.ل

ك.ئـ













گەلەری