سەردێڕ:

بزانە چڕترین خۆڵبارین کوێ دەگرێتەوە و ماوەکەی چەندە؟

PM:04:55:22/05/2022

92688 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی کەشناسی عێراقی رایگەیاند، پارێزگای بەغدا چڕترین شەپۆلی خۆڵبارین دەیگرێتەوە و لە کاتژمێر ٤ی بەرەبیان دەستپێدەکات و تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی بەردەوام دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە هەرێم و عێراقدەکات و کاریگەرییەکەی بەشێوەیەکی چڕ لە شەوی یەکشەممە و رۆژی دووشەممەدا زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، مەودای بینین بۆ کەمتر لە کیلۆمەترێک کەمدەبێتەوە بەمەش ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ و گواستنەوە دروستدەکات، بەڵام پێشبینیدەکرێت رۆژی سێشەممە وردە وردە کاریگەرییەکەی کەمبێتەوە.

ئەوەشی ئاشکرد کردووە، چڕترین خۆڵبارین لە شاری بەغدای پایتەخت لەکاتژمێر چواری بەرەبەیان تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی دەبێت.

دەشڵێت، حکومەت و دام و دەزگا فەرمییەکان بەرپرسن لەوەی دەوام رادەگرن یان نا، چونکە چڕی خۆڵبارینەکە دەکەوێتە ماوەی دەوامی فەرمی دام و دەزگاکانەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتی گواستنەو و گەیاندن کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەشناسی سەر بەو وەزارەتەیە رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی کاریگەری دروستبوونى ناسەقامگیریەک لەسەر بەشێک لە ناوچەکانى باشورى رۆژئاواى عێراق بە تایبەتى، پێشبینی دەکرێت شەپۆڵێکی تۆزوخۆل زۆربەی ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگرێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاریگەرى ئەم خۆڵبارینە لە سبەى دووشەممە چڕ دەبێتەوە لەسەر ناوچەکەمان و ئاستى خۆڵ بارین لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر جیاواز دەبێت و لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ خێراى با زیاد دەکات."

پێشتر، عامر جابری وتەبێژی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تی رایگەیاندبوو، "شەپۆلی خۆڵبارین لەمڕۆ یەکشەممەوە دەستپێدەکات و تا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت".

باسی لەوەشکردبوو، "خۆڵبارینەکە لە رۆژی دووشەممەدا چڕتر دەبێتەوە و بۆ بەیانی رۆژی سێشەممە وردە وردە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."













گەلەری