سەردێڕ:

پۆلیسی هاتوچۆ: تا ئێستا سیستەمێکی یەکگرتووی مۆڵەتی شۆفێری لە کوردستان نیە

PM:04:34:22/05/2022

1824 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، تا ئێستا سیستەمێکی یەکگرتووی مۆڵەتی شۆفێری لە کوردستان نیە، ھەر شارە و بە جۆرێکە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەسعەد مەلا کەریم، بەرێوەبەری پلاندانان و وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی ھەرێم، لە سیمپۆزیۆمێکی نێودەوڵەتی لەسەر کێشەی ھاتوچۆ و گواستنەوە لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، "خەڵکێکی زۆر ساڵانە دەبێتە قوربانی رووداوەکانی ھاتوچۆ ئێمە ناومان لێناوە تیرۆری سپی".

لەبارەی سیستمی هاوتوچۆی هەرێمەوە ئاماژەی بەوەشدا، سستەمی ھاتوچۆ لە ھەرێمی کوردستان بەدڵی ئەوان نیە و وەکو پێویست نیە. گواستنەوەی گشتی زۆر زۆر لاوازە، ئەمەش ھۆکارە بۆ زۆربوونی ئۆتۆمبێل.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ھەرێمی کوردستان ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل ھەیە، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە ملیۆنێک و ٩٦٧ ھەزار ئۆتۆمبێل ھەبووە، ئەمەش بەپێی ستانداردی جیھانی ھەڵەیە. بەمەش لە کوردستان لە ھەر شەش کەسێک،کەسێک ئۆتۆمبێل بەکاردەھێنێت.

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەشڵێت، ساڵانە زیاتر لە ١٠٠ ھەزار ئۆتۆمبێل لە ھەرێم تۆماردەکرێت.

هەروەها، لەبارەی ئاماری رووداوەکان و زیانەکانییەوە، ئەسعەد مەلا کەریم باسی لەوەشکردووە، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا چوار هەزار و ١١٩ رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە ٦٢٢ ھاوڵاتی بەھۆی رووداوەکانی ھاتوچۆوە گیانیان لەدەستداوە، ھەرچەند بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەکان زۆر زیاترە و زیاتر لە حەوت هەزار و ١٢١ ھاوڵاتیش بریندار و کەمئەندام بوون.

لەبارەی کێشەکانی کارگێڕێ هاتوچۆیەوە، ئەسعەد مەلا کەریم بەرێوەبەری پلاندانان و وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی ھەرێم ئاشکرای کرد، نەبوونی کارمەندی شارەزا لە بواری ھاتوچۆ و دانەمەزراندنی کارمەندی نوێ لە ساڵی ٢٠١٤وە و کەمی کارمەند لەهەموو بوارەکاندا کێشەکانی هاتوچۆن.

دەسڵێت، "ئێمەی ئەفسەران لە پێشتردا ھیچ خولێکی ئەوتۆمان نەبینیوە.تا لە ھەموو بوارەکانی ھاتوچۆ شارەزایی بین".

هاوکات، لەبارەی سیستمێکی یەکگرتووی هاتوچۆ لەهەرێم ئەوەشی خستەڕوو، "تا ئێستا ئێمە یاسایەکی ھاتوچۆمان نیە تایبەت بە ھەرێمی کوردستانو کێشەکانیس بە سوڵحی عەشایەری چارەسەردە کرێن وئەمەش وایکردووە رووداوەکانی هاتوچۆ زیادبکەن.

 

باسی لەوەشکرد، ژمارەی ئۆتۆمبێلی بێ تابلۆ زۆرن، بەپێی ئامارێک لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٩ هەزار ئۆتۆمبێل ھەیە رێژەکەش روو لە زیادبوونە و زۆرترینیشی لە سۆرانە.

وتیشی، "ھەوڵمانداوە کامێرا لەو شوێنانە دابنێین کە رووداوی لێ ڕوویداوە بەڵام کامێراکانمان پرۆفێشناڵ نین".

لەبارەی بڕی پێبژاردنەکانەوە، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم وتیشی، هیچ تێبینییەکی لەسەریان نییە، چونکە رووداوەکانی هاتوچۆ زۆرن.

 













گەلەری