سەردێڕ:

لەبارەی خۆڵبارینەوە؛ کەشناسی هۆشداری بەپەلە دەدات

PM:02:40:22/05/2022

59124 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم هۆشداری دەدات و دەڵێت، شەپۆلێکی تۆزوخۆڵ بەڕێوەیە و زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.


وەزارەتی گواستنەو و گەیاندن کە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کەشناسی سەر بەو وەزارەتەیە رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی کاریگەری دروستبوونى ناسەقامگیریەک لەسەر بەشێک لە ناوچەکانى باشورى رۆژئاواى عێراق بە تایبەتى، پێشبینی دەکرێت شەپۆڵێکی تۆزوخۆل زۆربەی ناوچەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگرێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "کاریگەرى ئەم خۆڵبارینە لە سبەى دووشەممە چڕ دەبێتەوە لەسەر ناوچەکەمان و ئاستى خۆڵ بارین لەناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر جیاواز دەبێت و لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ خێراى با زیاد دەکات."

کەشناسی باسی لەوەشکردووە، "لەکاتى زیادبوونى خێرایى با پێشبینى دەکرێت ئاستى خۆڵ بارین گۆڕانکارى بەسەر بێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى تر، واتە هەندێک ناوچە تۆزوخۆڵى زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەیەکى دیکە، سنورى پارێزگاى دهۆک ئاستى خۆڵبارینى کەمتر دەبێت بە بەراورد بە ناوچەکانى دیکە، رۆژى سێشەممە کاریگەرى خۆڵبارین بە ئاستى کەمتر لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت، رۆژى چوارشەممە کاریگەرى ئەم خۆڵ بارینە لەسەر ناوچەکەمان کۆتایی دێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، عامر جابری وتەبێژی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تی رایگەیاندبوو، "شەپۆلی خۆڵبارین لەمڕۆ یەکشەممەوە دەستپێدەکات و تا رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت".

باسی لەوەشکردبوو، "خۆڵبارینەکە لە رۆژی دووشەممەدا چڕتر دەبێتەوە و بۆ بەیانی رۆژی سێشەممە وردە وردە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە."

هـ.ئـ













گەلەری