بەگوێرەی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی مووشەکێک ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە نێوان ناحیەی زێلکان و قەزای باشیک کراوە و بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ شەممە، تایف گۆران پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆک ئاماژەی بەوەدا، بە وتەی چەند شایەت حاڵێک هێرشەکەی ئەمشەوی سەر بنکە سەربازییەکەی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان "درۆن" ئەنجامدراوە.
پێشتریش، چاوگێکی ئەمنی پارێزگای نەینەوا بە میدیا ناوخۆییەکانی عێراقی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحەیەی زێلکان لە قەزای باشیک لە پارێزگای نەینەوا.
ئاماژەی بەوەشداوە، تا ئێستا قەبارەی زیانە گیانی و
مادییەکان ئاشکرا نەکراون.
لەلایەن خۆیەوە، گروپی چەکداری ئازادیخوازانی شنگال
رایگەیاند، بە درۆن و کاتیۆشا هێرشەکە بۆ سەر بنکە سەربازییەکەی تورکیا لە ناحیەی
زێلکان ئەنجامدراوە.
سەباح سۆفی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، شایەتحاڵەکان
دەڵێن، موشەکباران کردنی ئەمشەوی سەربازگە توکرییەکە جیاوازبووە کە لە رێگەی
فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا نازنرێت ژمارەی ئەو مووشەکانە
چەندەن کە ئاراستەی بنکە سەربازییەکەی تورکیا کراوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، لە
ئەنجامی هێرشەکە کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون و لە ئێستادا
گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی گشتی شێخان.
وتیشی، کوژراوەکە ناوی "خالید عەبدوڕەحمان یوسف
یونس"ە و تەمەنی ٢٢ ساڵە و خەڵکی گوندی تاقە کە
گوندێکی کوردنشینن و لە سەربازگەکەی تورکیاوە نزیکە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، شایەتحاڵەکان
دەڵێن مووشەکەکانی ئەمجارە بەهێزتربوون لە مووشەکەکانی جاری پێشوو کە ئاراستەی ئەو
بنکە سەربازییەی تورکیا کراون.
هاوکات، محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری ناحیەی زێلکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند،
بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازی تورکیا لە ناحیەی زێلکان.
ئاماژەی بەوەشدا، کەسێکی سیڤیل کە خەڵکی کەڵەکچییە و پیشەی
چێشلێنەری سەربازە تورکییەکەیە بریندار بووە.
وتیشی، هێرشەکە کاتژمێر ١٠ و ٢٠ خولەک ئەنجامدراوە.
هەروەها، غیاس سورچی بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی یەکێتی
لە نەینەوا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بنکە سەربازییەکەی تورکیا بەهیچ شێوەیەک رێگەی
نەداوە هیچ هێز و لایەنێک لێیان نزیکبێتەوە.
وتیشی، ئەمجارەیان بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشەکە
ئەنجامدراوە، بەڵام بنکە سەر بازییەکە هیچ زانیارییەک بڵاوناکاوتەوە و رۆژنامەنوسان
ناتوانن زانیاریان دەستبکەوێت، تەنانەت ئەگەر برینداریشیان هەبێت نایەنهێننە
نەخۆشخانەکانی هەرێم و عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی رووداوەکە سێ کەس برینداربوون کە
برینی یەکێکیان سەختە.
وتیشی، تا ئێستا هیچ لایەنێک بەفەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەکانی
لە ئەستۆ نەگرتووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ ئەمڕۆ دوو جار گوندی دووقەتەلی
سەر بە ناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ بۆردومانکرا و هێمن بەهجەت بەڕێوەبەری ناحیەی
ئاغجەلەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆردومانەکە بۆسەر گوندی توقەتەلی سەر بەناحیەی
ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ بووە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پێنج کەسە سیانیان سەر بە پارتی
کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بوون و دووانیان مەدەنی بوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لە بۆردومانەکەدا ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا هایلوکس
کراوەتە ئامانج و دوو کەسیان هەر لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا سوتاون، تەرمی سیانەکەی دیکەش
رەوانەی پزیشکی داد کراون.
راشیگەیاند، لە ئێستاشدا فڕۆکەکان بە ئاسمانی ناوچەکەدا
دەسوڕێنەوە کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن و هێزەکانیان ناتوانن نزیک ببنەوە لە ناوچەکە.
باسی لەوەشکرد، "لە مەترسی بۆردومانەکە سەروی خۆمانمان
ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی زیانی گیانی و ماددی بەر خەڵکی ناوچەکە نەکەوێت و لێکۆڵینەوەش
بەردەوامە."