سەردێڕ:

لە بۆردومانەکەی سەر چەمچەماڵ پێنج کەس گیانیان لەدەستدا

AM:11:10:21/05/2022

33352 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکەی سەر گوندێکی سنوری قەزای چەمچەماڵەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.


هێمن بەهجەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆردومانەکە بۆسەر گوندی توقەتەلی سەر بەناحیەی ئاغجەلەری قەزای چەمچەماڵ بووە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو پێنج کەسە سیانیان سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" بوون و دووانیان مەدەنی بوون.

ئەوەشی خستەڕوو، لە بۆردومانەکەدا ئۆتۆمبێلێکی تۆیۆتا هایلوکس کراوەتە ئامانج و دوو کەسیان هەر لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا سوتاون، تەرمی سیانەکەی دیکەش رەوانەی پزیشکی داد کراون.

راشیگەیاند، لە ئێستاشدا فڕۆکەکان بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێنەوە کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن و هێزەکانیان ناتوانن نزیک ببنەوە لە ناوچەکە.

باسی لەوەشکرد، "لە مەترسی بۆردومانەکە سەروی خۆمانمان ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی زیانی گیانی و ماددی بەر خەڵکی ناوچەکە نەکەوێت و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە."

شاڵاو عەلی، سلێمانی

هـ.ئـ


 













گەلەری