سەردێڕ:

لێدوانی نوێی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی داهات و نەوتی هەرێمەوە

PM:04:48:20/05/2022

10484 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ بڕەنەوتێک و داهاتێکی نەوتی و دەروازە سنورییەکانی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی نەکردووە. دەشڵێت، "هەڵوێستی حکومەتی فیدڕاڵی بەرامبەر هەرێم دەستوری و یاساییە".


ئەمڕۆ هەینی، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی ئەلعەرەبییە ئاشکرای کرد، تا ئێستا حکومەتی هەرێم هیچ بڕەنەوتێک و داهاتێکی نەوتی و دەروازە سنورییەکانی رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، هەڵوێستی حکومەتی فیدڕاڵی بەرامبەر هەرێم دەستوری و یاساییە.

وەزیری دارایی عێراق باسی لەوەشکرد، لە جیاوازی فرۆشتی نەوت و نرخی نەوت بڕی ٢٠ ملیۆن دۆلار زیادە لە داهاتی نەوت هەبووە و بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، کاریگەرییە باشەکانی گۆڕانکاری نرخی دۆلار و بەرزکردنەوەی بەهاکەی دەرکەوتووە.

لەبارەی ئەگەری قەرزکردنی حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکانی و دابینکردنی پێداویستییەکان، وەزیری دارایی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، "بەدوری دەزانم پێویست بکات حکومەت پارە قەرز بکات، چونکە ئەو زیادە داهاتەی دەستی کەوتووە بڕێکی زۆرە".

ئاشکراشی کرد، یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ لە توانایدا نییە رووبەڕووی گۆڕانکارییە ئابورییەکان ببێتەوە.

وتیشی، چەقبەستووی سیاسی هۆکاری نەناردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ە بۆ پەرلەمان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا دادگای فیدڕاڵی بڕیاریدا فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نادەستورییە و پێچەوانەی یاسایە. لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی باڵای دادوەری هەرێمیش دەڵێن فرۆشتنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەستورییە و بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەفرۆشرێت.













گەلەری