سەردێڕ:

گۆڕی ئەو منداڵەی بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستدا هەڵدەدرێتەوە

PM:12:14:20/05/2022

88656 جار خوێندراوەتەوە

لە سلێمانی لیژنەیەک پێکهێندرا تایبەت بە رووداوی گیانلەدەستدانی منداڵێک بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە.


زوهرە عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی ئەو ناڕەزایەتییەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا دروستبوو لەبارەی چۆنێتی گیانلەدەستدانی لیای ١٠ ساڵ کە نزیکی پێنج ۆرژ لەمەوبەر بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستدا، لیژنەیەک پێکهێندراوە.

زوهرە باسی لەوەکرد، تایبەت بە شێوەی گیانلەدەستدانی لیا لیژنەکە لێکۆڵینەوە دەکات و لە چاوگێکی ئاگادار لە بابەتەکەشەوە ئەوە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، کە ئەمڕۆ گۆڕی لیا هەڵدەدرێتەوە.

 

ئەوەشی خستەڕوو، باوکی لیا دەڵێت لاری نییە لە لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە و ئەگەر دادوەر فەرمانبکات ئەوانیش رەزامەندن بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە.

نزیکی پێنج رۆژ لەمەوبەر لە گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، وەک گێڕانەوەی کەسوکارەکەی؛ منداڵێکی ١٠ ساڵان سەگ پەلاماریداوە و گیانی لەدەستداوە، پاش پەلاماردانەکەش کەسوکارەکەی منداڵەکەیان ناشتووە.

بڵاوبوونەوە ئەو بابەتەش بە سۆشیاڵ میدیادا ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و باس لەوەدەکرا، کە دەبێت چۆنێتی گیانلەدەستدانی لیا زیاتر ڕوونبکرێتەوە و بەشێکی هاوڵاتیان گومانیان لەسەر گیانلەدەستدانکەی هەبوو.

بەپێی کامێراکانی چاودێری ناوچەکە، لیا خۆی نزیک دەبێتەوە لە سەگەکە، بەڵام لەو شوێنەی زیاتر نزیک دەبێتەوە و سەگ پەلاماری دەدات، لە کامێراکاندا دەرنەچووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەو سەگەی پەلاماری لیای داوە، سەگی پاسەوانی بووە و لە یەکێک لە ماڵەکانی گەڕەکەکەدا بووە.

هـ.ئـ


 













گەلەری