ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵدایە بۆ کۆنترۆڵکردنی داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیایەکی بواری یاسایی بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی مامەڵە نەوتییەکانی سنوری هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق 'سۆمۆ'وە.
بەگوێرەی نوسراوێک کە دەست رۆیتەرز کەوتووە، حکومەتی فیدڕاڵی لە رێگەی کۆمپانیایەکی بواری یاسایی بەناوی Cleary Gottlieb Steen and Hamilton داوا لە کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان دەکات کە لە هەرێمدا کار دەکەن مامەڵەکانیان بەجۆرێک بێت لەگەڵ یاسای حکومەتی فیدڕاڵیدا بگونجێت بە رەچاوکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، جگە
لەو کارانەی بە کۆمپانیا یاساییەکە سپێردراوە، وەزیری نەوتی عێراقیش لە رێگەی
نامەی راستەوخۆی خۆیەوە پەیوەندی بە چەند کۆمپانیایەکی دیکەوە کردووە سەبارەت بە
هەمان پرس.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەگوێرەی
نوسراوەکان بۆ یەکەم جار لە هەشتی مانگی ئایاردا، گرفتەکە بە تەواوی قوڵبووەتەوە و
وەزارەتی نەوتی عێراق لە هەوڵدایە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی حەوتی ئەم
مانگە وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، داهاتی نەوتی هەرێمی
کوردستان روون و ئاشکرا نییە و داهاتە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان ٥٠٪ی نرخی نەوتی
فرۆشراو دابین ناکەن و دەشڵێت، "دوای جێبەجێکردنی بریارەکەی دادگای فیدراڵی
ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بکەین."
ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشکرد، "لە هیچ وڵاتێک
نەبووە دوو سیاسەتی نەوتی هەبێت لە یەک کاتدا و ئەم جیاوازیەی نێوان حکومەتی ناوەند
و حکومەتی هەرێم لە مامەڵەکردن لەگەڵ سۆمۆ کێشەی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٥ی ٢ی ٢٠٢٢ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا
یاسای فرۆشتنی نەوت و غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نا دەستورییە و دەپێت حوکەمتی
هەرێم پابەندی دەستوریبێت.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقدا هاتبوو، وەزارەتی دارایی
و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی دەبێت بەوردی چاودێری گرێبەست و داهاتی فرۆشتنی نەوت
و غازی هەرێم بکات و لەبەرامبەردا هەرێم پابەند دەکرێت بە سەرجەم بڕیارەکانەوە.