سەردێڕ:

وەزیری تەندروستی هەرێم زانیاری نوێ لەبارەی دابینکردنی دەرمانەوە ئاشکرا کرد

PM:03:38:19/05/2022

1744 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، بۆشایی لە دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێـم بە گشتی هەیە، بەڵام لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و بوودجەی دابیکردنی دەرمان زیاد دەکەن لەو پێناوەدا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند، بۆشایی هەیە لە دابیکردنی پێداویستی دەرماندا و هەرچەندە تا ئێستا مانگانە تەنها بۆ پێداویستی دەرمان شەش ملیار دینار دابینکراوە لە لایەن حکومەتەوە، سەرباری بوودجەی تایبەت کە حکومەت دابینیکردووە بۆ سەرجەم سەنتەرەکان لە شارەکاندا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجی ئەوان نەخۆشە، بۆیە نابێت رۆتین هەبێت لە دابینکردنی دەرماندا و ئەوان وەک وەزارەتی تەندروستی دابینکردنی دەرمانیان داوەتە دەست بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی لە پاریزگاکان و شارەکان.

هەروەها، لەبارەی نەختینەی کۆمپانیاکانەوە ئەوەشی خستەڕوو، نەختینە و شایشتەی دارایی بۆ کۆمپانیاکان بە رێژەیەکی دیاریکراو لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە جیاوازی هەبووە، بەڵام لەم دۆخەدا بەهۆی نەبوونی نەختینەو پارەی کاش تووشی کەمی دەرمان بووین.

وەزیری تەبدروستی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا پرۆسەکانی تەندەرین لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابیکنردنی دەرماندا چووەتە قۆناغی واژۆکردنەوە.

دەشڵێت، "رێکاری چارەسەرکردنی کێشەکانمان دیاریکردووە بەوەی بوودجەی شەش ملیار کە بۆ دابیکردنی دەرمان تەرخانمان کردبوو، زیادی بکەین بۆ حەوت ملیار دینار".

هەروەها، لەبارەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون کە لەئێستدا بوونی هەیە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمراشیگەیاند، نەخۆشییەکە نوێ نییە، بەڵام دەبێت رێگەی لێبگیرێت و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، دەبێت پیشوەختە ئاژەڵەکان بکوترێن.

ئاشکراشی کرد، تا ئێستا تەنها دوو حاڵەتی تووشبوون بوونیان هەبووە کە هەردووکیان لە شوێنی نایاسایی ئاژەڵیان سەربڕیوە.













گەلەری