سەردێڕ:

ئایا پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

PM:01:14:19/05/2022

4928 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەیی دارایی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دادگای فیدڕاڵی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراکی رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو دەڵێت حکومەتی کار بەڕێکار ناتوانێت پرۆژە یاسا رەوانەی پەرلەمان بکات. دەشڵێت، "لەهەر دوو یاسای ئاسیشی خۆراک و گەنمی جوتیاراندا ناوی هەرێم جێگیر کراوە".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە رووی سیاسییەوە وڵات بە دۆخێکی خراپدا دەڕوات و گرێیەکی سیاسیی هەیە کە ناکرێتەوە و ناکرێت خەڵکی چاوەڕوان بن تا پارتە سیاسییەکان رێکدەکەون و حکومەت پێکبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە پرۆژە یاسای بودجە بێتە پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی وەزارەتەکان هەستن بە دابینکردنی ئەو پێداویستیانەی خەڵک پێویستی پێیەتی.

لەبارەی رەتکردنەوەی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراکەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە، رێبوار ئەوڕەحمان وتیشی، دادگای فیدڕاڵی پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراکی رەتنەکردووەتەوە، بەڵکو دەڵێت حکومەتی کار بەڕێکار ناتوانێت پرۆژە یاسا رەوانەی پەرلەمان بکات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاشکراشی کرد، پرۆژە یاسای ئاسیاشی خۆراک لەلایەن لیژنەی داراییەوە پێشنیازکراوە و حکومەت ئامادەی نەکردووە و ڕەوانەی پەرلەمانی نەکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی ئەوەی حکومەت کاربەڕێکارە وەزارەتی بازرگانی ناتوانێ ماددە خۆراکییەکان دابین بکات چونکە پێویستی بە دابینکردنی پارە و بوجە هەیە.

دەشڵێت، یاساکە بۆ خەڵکی هەرێم گرنگە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە یەکێتی و پارتی دەستییان لە بینەقاقای خەڵکدایە، موچە دوادەخەن، کاری هاوڵاتییان دوادەخەن، ئەگەر بێت و بایەعیش نەمێنێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەرێم دەبێت.

رێبوار ئەوڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا، وەک نەوەی نوێ ئەوەی زۆر بەلایانەوە گرنگە بابەتی دەرمان و خۆراکە کە بابەتێکی سەرتاسەرییە و ئەگەر بێتو دەرمان و خۆراک بکڕدرێت بەشی هەرێمیشی تێدایە.

لەبارەی پارەی گەنمی جوتیارانیشەوە، رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشکرایکرد، ئەم پرۆژەیاسایەدا ئەو بڕگەیەی تێدا جێگیرکراوە و دەتوانێت پارەی گەنمی جوتیاران دابین بکات وئومێدەوارن پاش خوێندنەوەی یاسایی بۆ پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی، لە هەردوو پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک و پارەی گەنمی جوتیاران ناوی"هەرێمی کوردستان" جێگیر کراوە.

هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی زیاد ئیسماعیل پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا، بڕیار بوو پەرلەمانی عێراق کاتژمێر ١١ دەست بە دانیشتنەکان بکات و کارنامەی دانیشتنەکەش لە رۆژی چوارشەممەوە دانرابوو کە لە ٤ بڕگە پێکدێت و گرنگترینیان پرۆژەیاسای ئاسایشی خۆراکە.

ئەوەشی خستەڕوو، بڕی ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک پێویستی پێیەتی ٢٥ تریلیۆن دینارە و بڕیارە بۆ دابینکردنی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە تەرخانبکرێت.













گەلەری