ئەمڕۆ ١٩ی ئایاری ٢٠٢٢ پێنج ساڵ بەسەر کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا سیاسەتمەدار و دامەزرێنەر و رێکخەری گشتی پێشووی بزوتنەوەی گۆڕاندا تێدەپەڕێت.
نەوشیروان مستەفا ئەمین، سیاسەتمەدار و رووناکبیر و دامەزرێنەر و رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ساڵی ٢٠١٧دا و لە هەمان رۆژ ١٩ی ئایار بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
لەبارەی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیاندراوێکدا
بڵاویکردووەتەوە، "لەم یادەدا بانگەواز بۆ ئاشتەوایی گشتی و دانیشتنی لایەنە
کوردییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دەکەین؛ بۆ گەیشتن بە کۆڕایی سیاسیی و دانانی ستراتیجێکی
نیشتیمانی بە ئامانجی چارەسەرکردنی قەیران سیاسیەکان و درووستکردنەوەی متمانەی سیاسیی
لەنێوان ھاوڵاتیان و دامەزراوەکانی حوکمڕانی."
نەوشیروان مستەفا لە ساڵی ١٩٤٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووبوو، لە ساڵآنی
٦٠کاندا دەستی بە کارو چالاکی سیاسی کردووە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتی
قوتابیانی کوردستان بووە.
دەرچووی ساڵی ١٩٦٧ی کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی بەغدا بووە و دواتریش
لە زانکۆی ڤیەننا درێژەی بە خوێندن داوە، لە ساڵی ١٩٧٥یشدا گەڕاوەتەوە کوردستان و
درێژەی بە کاری سیاسی و کاری پێشمەرگایەتی داوە.
نەوشیروان مستەفا جگە لە کاری سیاسی لە زانکۆی سلێمانی بەشی راگەیاندنیشدا
وانەی وتووەتەوە. هاوکات، نووسەر بووە و چەندین پەرتووکی هەیە لەوانە (کورد و عەجەم،
حکومەتی کوردستان، لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، کورد لە گەمەی سۆڤێتیدا، پەنجەکان
یەکتری ئەشکێنن، ژیانی بە تەمەنترین رۆژنامەی کوردی لە ١٩٢٦-١٩٨٣، بەدەم رێگاوە گوڵچنین
کە سێ کتێب و پێنج بەرگە).
هـ.ئـ