ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی ئەمریکی (ناسا) بڵاویكردهوه، بە مەبەستی پێوانی کاریگەرییەکانی تیشکدانەوە، دوو بووکەڵە کە لە شێوەی ژن درووستکراون رەوانەی بۆشایی ئاسمان دهكات.
بەگوێرەی ماڵپەڕی گیزمۆدۆ تەکنەلۆژی، لە چوارچێوەی پرۆگرامی ئارتمیس کە ئامانج لێی ناردنی مرۆڤە بۆ سەر مانگ لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ئەم ھاوینە دوو بووکەڵەی لێكچوو کە شێوەی جەستەیان وەکو جەستەی ژن درووست کراوە، رەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکرێن.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوو بووکەڵە لەیەکچووەکە
کە بە ناوەکانی ھێلگا و زۆھارە و لەلایەن ناوەندی فڕۆکەوانیی ئەڵمانیا کە ھاوبەشی
ناسایە درووستکراوە، زانیاریی لەسەر دۆخی خانمان تۆماردهكات کە تیشکەکانی بۆشایی
ئاسمان زیاتر کاریگەرییان لێدەکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێسک و شانە نەرمەکان
و ئەندامەکانی دیکەی جەستەی ھێلگا و زۆھار لە ماددەیەک درووستکراوە رێک وەکو ئەندامەکانی
جەستەی خانمێكی پێگەیشتووە و زیاتر لە ١٠ ھەزار ھەستەوەری ناچالاک و ٣٤ ئامێری دیارییکردنی
تیشکی چالاک لەخۆدەگرن.
لە ماوەی گەشتی دوو بووکەڵەکە کە شەش
ھەفتە دەخایەنێت، لێکۆڵینەوە دەکرێت لە بەرکەوتنی تیشک کە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە،
بە تایبەتی لای ئەو خانمانەی کە دەچنە بۆشایی ئاسمان زیاددەکات و ئەم لێکۆڵینەوەیە
ھاوکاری کارەکانی ناسا دەکات کە ماوەیەکی زۆرە ئامانجیانه مرۆڤ بۆ سەر مەریخ بنێرن.
لە رێگەی گەشتی ئەزموونیی ناسا کە
ناوی ئارتمیس ١ی لێنراوە، لە ماوەی ئەمساڵدا کەشتیی ئاسمانیی ئۆریۆن لە ناوەندی بۆشایی
ئاسمانی کەنەدی لە فلۆریداوە گەشتێکی ئەزموونی بە مەبەستی سووڕانەوە بە چواردەوری
مانگدا ئەنجام دەدات.
ئەگەر كارهكان بهپێی پلان بەڕێوەبچێت،
ئەوا بۆ یەکەم جار لە دوای ئاپۆڵۆ ١٧ لە ساڵی ١٩٧٢وە ئەرکی ئارتمیس٣ لە ساڵی
٢٠٢٥دا مرۆڤ بۆسەر مانگ دەگوازێتەوە.