سەردێڕ:

کەشناسی عێراق وادەی کۆتایی هاتنی شەپۆلی خۆڵبارینی ئاشکرا کرد

AM:08:23:17/05/2022

50920 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی و چاودێریکردنی بومەلەرزەی عێراق رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێوەی پلەبەندی و هەنگاو بەهەنگا و خۆلبارین نامێنێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، عامر جابری بەڕیوەبەری بەشی راگەیاندنی دەستەی کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێوەی پلەبەندی شەپۆلی خۆڵبارینەکە نامێنێت.

دوێنێش، دەستەی کەشناسی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدابوو، شەپۆلی خۆڵبارینەکە وردە وردە لاواز دەبێت و کاریگەرییەکەی نامێنێت.

ئەوەشی خستبووە روو، گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدات و نزمەپەستانی وەرزیی هیندی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگاتە عێراق.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، کاریگەریی خۆڵبارینەکە لەمشەوەوە "شەوی رابردوو" بەرەو لاوازی دەچێت و بەهەنگاو کۆتایی پێدێت، بۆیە تاوەکو بەیانیش کاریگەرییەکە دەمێنێت تاوەکو بە تەواوی کپدەبێتەوە.

بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، خۆڵبارین دەرئەنجامی هاتنی بارستە هەوای ساردە بۆ ناوچەی بارستە هەوای گەرم، کە ئەوەش جیاوازی لە سیستمی پەستانی ناوچەکە دروستدەکات و دەبێتەهۆکاری خۆڵبارین.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆکاری ئەوەی دەبێتە خۆڵبارین بەشێکی بەهۆی کەمی بارانبارینەوەیە لەو ناوچانەی سەرچاوەی سەرەکی خۆڵبارینن، وردەکارییەکەی خستەڕوو و وتی، لەو ناوچانەدا بڕێکی کەم بارانباریوە و بووەتە هۆی لاوازبوون و فشەڵبوونی زەوییەکەی، بەوەش کاتێک ئەو گۆڕانکارییە لە سیستمی پەستانی ناوچەکە دروستدەکات، بە ئاسانی با تەپوتۆز هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە.

راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩دا کە رێژەی بارانبارین زۆربوو، تەنها دوو حاڵەتی خۆڵبارین تۆمارکراوە، بەام تەنها لە مانگی ١ی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، ٢٣ حاڵەتی خۆڵبارین تۆمارکراوە.













گەلەری