وەزیری نەوتی عێراق لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم رایگەیاند، ئامادەن لە رێگەی گفتوگۆوە سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کەمال حەمید ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە سەردانێک گەیشتە شاری بەغدا و لەلایەن ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق پێشوازی لێکرا.
لە کۆبوونەوەکەیاندا هەردوو وەزیر پێداگرییانکرد لەسەر شەفافبوونی ئیدارەدانی
نەوتی عێراق. هەروەها، بڕیاردرا کاربکەن لەسەر چاسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و
بەغدا لە رێگەی گفتوگۆی بەردەوامەوە.
لەلایەن خۆیەوە کەمال حەمید ئەتروشی جەختیکردەوە لەسەر هاوکاریکردن و ئەنجامدانی
کاری هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئامانجی باشتر کردنی کەرتی وەبەرهێنان
لە کێڵگە نەوتی و گازییەکاندا.
ئاماژەی بەوەشدا، پرۆژەی هاوبەش دابمەزرێنن لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتدا و
رێککەوتنەکان بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە و هەنگاوبنرێت بۆ واژۆکردنی چەندین رێککەوتنی
نوێ.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ٣١ی ئاداری ٢٠٢١ پرۆژە یاسای بودجەی عێراق جێبەجێکرا
و بەگوێرەی مادەی ١١ی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، پێویستە
حکومەتی هەرێم رۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بدات و لە ٥٠%
داهاتە نانەوتییەکان و داهاتی خاڵە سنورییەکان رادەستی عێراق بکات و لەبەرامبەردا
حکومەتی فیدڕاڵ مانگانە شایستە داراییەکانی هەرێم رادەستی حکومەتی هەرێم بکات. بەڵام
تا ئێستا رێککەوتنەکە و پابەندبوونەکەی بودجە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوەوە.