سەردێڕ:

بازرگانی هەرێم: دوای ١٠ رۆژ لە رادەستکردنی گەنمەکانیان پارە بە جوتیاران دەدرێت

PM:02:46:15/05/2022

2232 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، حکومەتی هەرێم گەنمی جوتیاران وەردەگرێت و بۆ هەر تەنێک ٧٥٠ هەزار دینارییان پێدەدات، ئەگەر خواست لەسەری زیادی کرد ٢٠٪ نرخەکەیان بۆ زیاد دەکەن. دەشڵێت، " دوای ١٠ رۆژ لە رادەستکردنی گەنمەکانیان پارە بە جوتیاران دەدرێت".


نەوزاد کامل مەحمود بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، ئەگەر جوتیاران لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە گەنمەکانیان بفرۆشن بۆ هەر تۆنێک ٧٥٠ هەزار دیناریان پێدەدریت.

دەشڵێت، دوای ١٠ رۆژ لە رادەستکردنی گەنمەکەش جوتیاران پارەکەیان وەردەگرن و لە ئێستاشدا دەرگای سالیۆکان کراونەتەوە.

بەڕێوبەری گشتی بازرگانی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا، "هەرکاتێک بەرهەمی گەنم پێگەیشت لە جوتیارانی وەریدەگرن و سەرجەم گەنمەكانیش بە یەک پلە وەردەگیرێت."

وتیشی، ئەگەر خواستی ناوخۆ لە بەرهەمی گەنم زیاتر بێت ٢٠٪ی نرخی گەنمەکەیان بۆ زیاد دەکەن.

هەروەها، لەبارەی پارەی گەنمی ساڵی رابەدووشەوە ئەوەی خستەڕوو، بۆ هەر تەنێک گەنم ٥٠ هەزار دینار زیاتریان پێدەدرێت و هەندێ رێکاری دارایی تر هەیە بە پێی ئەوە جوتیاران دەتوانن پارەی گەنمەکانیان وەربگرن.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر رێبوار ئەوڕەحمان وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمساڵ لە وەرگرتنی گەنمی جوتیاراندا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پۆلێنکردن لەسەر بنەمای پلەی یەک و دوو سێ نامێنێت و پارەی وەرگرتنی هەر تۆنێکیش ٥٠ یاخود ١٠٠ هەزار دینار زیاد دەکرێت.

رۆژی ٨ی مانگی رابردوو، نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عێراق لە سەرجەم سایلۆکان دەست بەئامادەکاری کردووە بۆ وەگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢٢ وتیشی عێراق سەرجەم گەنمی جوتیاران وەردەگرێت.













گەلەری