سەردێڕ:

٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا گەیشتە هەرێم

PM:01:16:15/05/2022

7712 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا گەیشتە هەرێم.


ئەمڕۆ یەکشەممە، فارس عیسا نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ٢٠٠ ملیارەکەی بەغداگەیشتووەتە هەرێم.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا پارەکە لەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمە.

پێشتر، دوو چاوگ ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، تا ئێستا بەفەرمی هیچ شتێک بە هەرێم نەوتراوە کە ئایا بڕی ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەی بەغدا رەوانەی هەرێمی دەکات راگیراوە یان نا.

ئاماژەیان بەوەشدابوو، کە تا ئەم ساتە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە رانەگیراوە و چاوەڕین بەغدا رێکارە یاساییەکانی تەواو بکات و رەوانەی هەرێمی بکات.

هێرش قادر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی هەرێم ئاشکرایکردووە بۆ دابەشکردنی موچە پێویستی بە ٢٠٠ ، ملیار دینارەکە نییە بەڵکو بۆ پرۆژەکانی دیکەی دەوێت.

هەروەها، دوێنێ، عالیە نسەیف ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، ناردنی ٢٠٠ ملیاردینارەکە بۆ هەرێم راگیراوە، چونکە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان ناگەێتەوە خەزێنەی گشتی حکومەتی فیدڕاڵ.

ئاماژەی بەوەشدابوو، بەهۆکاری ئەوەی شاندی دانوستاناکاری هەرێم و بەغدا لەبارەی فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێمەوە نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک و حکومەتی فیدڕاڵی ئاگاداری داهاتی هەرێم نییە، ناکرێت ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بەردەوامبێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ٢٠٢١دا پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا و تیایدا پشکی هەرێم بە ١٢.٦٧٪ دیاریکرا، کە بەپێی ماددەی ١١ لە پرۆژەیاساکە کە تایبەتە بە پشکی هەرێم، هەرێم پابەند دەکات بە پێدانی موچەی فەرمانبەران لەو بڕە پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت.

بەگوێرەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی، لەسەر یاسای بودجەی ٢٠٢١ ، پێویستە بەغدا مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار وەك بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان، دوای لێبڕینی داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، رەوانەی هەرێمی كوردستان بکات.


 

 

هێرش قادر - هەولێر













گەلەری