سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی کەیسەکەی سلێمان هەڵشۆییەوە

PM:11:43:14/05/2022

52184 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا کەیسی سلێمان هەڵشۆیی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە و دادگا هیچ بڕیاریکی لەبارەی ئەو کەیسەوە نەداوە و دەشڵێت، "مافی ئازادکردنی بە کەفالەت هەیە."


شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لەماوەی رابردوودا سلێمان هەڵشۆی و ٨٦ کەسی دیکە لە لایەن پۆلیسەوە راگیراون و ٨٦ کەسەکەی دیکە بە کەفالەت ئازاد کرداون و لە رووی یاسایشەوە سلێمان هەڵشۆیش بەهەمان شێوە مافی ئازادبوونی بە کەفالەت هەیە.

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین سەبارەت بەوەی ئەگەر سلێمان هەڵشۆیی ئازادبکرێت چارەنوسی ئەو پارە و موڵکانەی بردوویەتی چیان لێدیت باسی لەوەکرد، بۆ ئازادکردنی سلێمان هەڵشۆیی پێویستە لەلایەن کەسێکەوە کەفالەتی کەسی و کەفالەتی بڕێکی زۆری پارە بکرێت کە بڕەکەی لە نێوان ٥٠٠ ملیۆن بۆ هەزار ملوێن دەبێت و ئەوەش ئەکەوێتە سەر ئەوەی دەتوانێت ئەو بارمەتەیە ئامادە بکات یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو کاتەدا دادوەر بڕیاردەدەت کەفالەتەکەی قبوڵبکات یاخود رەتی بکاتەوە.

لەبارەی بریارەکانی دادگاشەوە ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی ئەوەی رەوانەی دادگای تایبەتمەند نەکراوە و لێکۆڵینەوە تەواونەبووە و دانیشتنی دادگا بەڕێوەنەچووە.

پۆلیسی راپەڕین پێشتر ئاماژەی بەوەشکردبوو، سلێمان هەڵشۆیی لەسەرەتایی دەستگیرکردنەیەوە بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بە ماددەی ٤٥٦ لە یاسایی سزادانی عێراقی راگیراوە و تا ئێستاش لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیدا دەکرێت و بەردەوامە.

ساڵی رابردوو، کەسێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەری هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، کە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ئێستا ناتوانێت بیانداتەوە.

هاوڵاتییەکان باسیان لەوەکردبوو، مامەڵەکانی سلێمان هەڵشۆیی بە جۆرێک بووە، ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ، مەڕوماڵات و دەمانچە، هەرشتێک پارە بکات بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاوڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر یان زیاتر بە مەرجی ئەوەی درەنگتر پارەکەی بدات، بۆ نموونە بە جۆرێک ئەگەر شتومەکێک بە ٢٠ هەزار دۆلار بووبێت، ئەو بە ٢٨ هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات.

باخان تۆفیق، رانیە













گەلەری