سەردێڕ:

لە عێراق بە هەزاران کارمەند بێ ئەوەی کار بکەن موچە وەردەگرن

PM:04:29:14/05/2022

2476 جار خوێندراوەتەوە

سێکتەری پیشەسازی لەپاش روخانی رژێمی بەعس و لەساڵی ٢٠٠٣وە رووبەرووی گرفتی گەورە بووەتەوە، لە ئێستاشدا بەهۆی پشتگوێخستن و دزی و تێکدانەوە هەزاران پرۆژە و کارگەی دەوڵەت لە کار وەستاون.


قەیرانەکان لێرەدا ناوەستن، لە پشت داڕووخانی سێکتەری بەرهەمهێنانەوە بە ملیۆنان دۆلار لە بودجەی حکومەت دەدرێت بە کارمەندی سەدان کارگە کە لەکار وەستاون.

بەرپرسێکی عێراقیی لە وەزارەتی پیشەسازی رایگەیاند، سێکتەری پیشەسازی لە عێراق تەنها ٪٢٣ی ئەو بەرهەمانەیە کە لە ٢٠٠٣دا هەبوون و کارگەکانی دەرمان، چنین، جل وبەرگ، فۆسفات، کەرگەکانی شەکر، و چیمەنتۆ و پۆڵا و شیرەمەنییەکان بەپێی پێویست کاریان کردووە، بەڵام ئەمڕۆ بوون بە بارێک بەسەر شانی حکومەتەوە و بە هەزاران کارمەندی ئەم کارگانە هەن کە موچە وەردەگرن بەبێ ئەوەی هیچ کارێکیش بکەن.

وتیشی، "لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بە هەزاران کارگەی وەبەرهێنانی عێراقی لەکار وەستاون بۆیە ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخان دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک ناگەڕێنەوە بۆ حکومەت."

دکتۆر بارق شوبەر بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق رایگەیاند، کارگە عێراقییەکان ساڵانە بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە خەزێنەی حکومەتیان بۆ تەرخان دەکرێت و هیچ وڵاتێک نادۆزیتەوە لە هەموو جیهاندا جا ئەگەر سیستمی سەرمایەداری پەیڕەو بکەن یان سۆسیالیزم کە موچە بە کارمەندەکانی بدات بێ ئەوەی کار بکەن.

لە بەرامبەردا، حەمزە حەردان لێکۆڵەری کاروباری ئابوری عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە پشتگوێ خستنی کەرتی بەرهەمهێنان و پشتبەستنی تەواوەتی بە فرۆشی نەوت، بودجەی عێراقی سنوردار کردووە و وای کردووە ئابوری عێراق بەتەنها پشت بە نەوت ببەستێت.

حەردان لە لێدوانێکیدا بۆ عەرەبی جەدید دەشڵێت، زۆرێک لە کۆمپانیا پیشەسازییەکانی سەر بە حکومەت شکستیان هێناوە و پشت بە پارەی حکومەت دەبەستن بۆ پارەی موچەی کارمەندەکانیان، ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بەردەوامن لە بەکارهێنانی رێگا کۆنەکان کە تێچوویان زیاترە بە بەراورد لەگەڵ رێگا مۆدێرنەکان کە زیاتر پشت بە تەکنەلۆژیا دەبەستن.

لەلای خۆشییەوە، یاسر وەتوت ئەندام پەرلەمانی سەربەخۆی عێراق، ئەوەی خستەڕوو بێکاریی یەکێک لە دیارترین هۆکارەکانی پشت خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ی عێراقەوە بوو، بێکارییش بەهۆی نەبوونی کارگە و کۆمپانیای ناوخۆییەوە دروستبوو کە پێش روخانی رژێم دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی لەخۆدەگرت.

جێی ئاماژەیە، بەپێی داتاکانی حکومەتی پێشوو بێت، عێراق لە ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوو یەکێکبووە لە وڵاتە گەشەندووەکان ، هەروەها رێژەی بەرهەمی ناوخۆ بەپێی پێویستی بازاری ناوخۆ بووە و تەنانەت هەناردەی دەرەوەش کراوە.













گەلەری