سەردێڕ:

لە یەکەم کاردانەوەیدا روسیا کارەبای فینلەندای بڕی

PM:02:37:14/05/2022

3492 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیایەکی روسی بەهۆی نەدانی پارەی چەند مانگێکەوە لەلایەن حکومەتی فنلەنداوە هەناردەکردنی کارەبای بۆ ئەو وڵاتە راگرت. حکومەتی ئەو وڵاتەش دەڵێت، "هیچ گرفتیان بۆ دروست نابێت لەبەرئەوەی جێگرەوەی هەیە و دەتوانن ئەو بڕە کارەبایەی لە روسیاوە دێت لە سویدەوە هاوردەی بکەن".


کۆمپانیای دابینکەری وزە ئاڕ ئەی ئۆ نۆردیکی روسی رایگەیاند، لە رۆژی شەممەوە ناردنی وزەی کارەبا بۆ فینلاند رادەگرن بەهۆی گرفتی پارەنەدانەوە.

لای خۆشییەوە، ریما پایڤنێن جێگری سەرۆکی کارپێکردنی سیستمی کارەبای کۆمپانیای فینگرید لە فینلەندا ئاماژەی بەوەدا، روسیا تەنها ١٠٪ ی کارەبای ئەوان دابین دەکات و دەتوانن بە هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتی سویدەوە قەرەبووی بکەنەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی پێنجشەممە، روسیا هۆشداریدا لەبارەی پلانی فینلەندا بۆ بوون بە ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ و ئاماژەی بەوەدا وەڵامدانەوەی توندیان دەبێت.

 فینلەندا سنورێکی ١٣٠٠ کیلۆمەتری لەگەڵ روسیادا هەیە و لە رابردووشدا تا ناکۆکی دروست نەبێت لە نێوان وڵاتەکەی و روسیای درواسێیاندا بەشداری ناتۆی نەکردووە، بەڵام لەپاش هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا پشتیوانییەکی یەکجار زۆر هەبووە بۆ بەشداریکردنی فینلەندا لە ناتۆ و ناتۆش مانگی رابردوو بە فەرمی داوای لە فینلەندا و سوید کرد پەیوەندیان پێوە بکەن.

ئەمەش پاش ئەوە دێت، مانگی رابردوو روسیا هەناردەی گازی بۆ بولگاریا و پۆڵەندا راگرت دوای ئەوەی رەتیان کردووە بە دراوی روسی پارە بدەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەستخۆشی لە بڕیارەکەی فینلەندا کرد، دوای ئەوەی سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ و سەرۆک وەزیران سانا مارین پشتیوانی خۆیان بۆ چوونە ناو ناتۆوە دەربڕی.













گەلەری