سەردێڕ:

تەندروستی هەولێر هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

PM:12:49:14/05/2022

6168 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئاگاداری هاوڵاتیانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەکەنەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی لەدەزگاکانی تری تەندروستی، پابەندی رێنماییە نوێیەکانی وەرگرتنی چارەسەربن بەگوێرەی ئەو نەخۆشخانانەی دەستنیشان کراون.


ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئاگاداری هاوڵاتیانی شاری هەولێر و دەروبەری دەکەینەوە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەردەوامبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی تەندروستی لەدەزگاکانی تری تەندروستی، لەمەو دوا هەرکەسێک پێویستی بەچارەسەری پزیشکی هەبێت چارەسەرەکان لە نەخۆشخانە حکومیەکان بەم شێوەیە دەبێت".

ئاماژەی بەوەشداوە، لەمەو دوا هەرکەسێک پێویستی بەچارەسەری پزیشکی هەبێت بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە رێکخراوە بۆ سوود وەرگرتن و چارەسەری لەکاتی هەرحاڵەتێک پێویست بەم شێوەیەی خوارەوە:

١. گشت رووداوەکان پێشوازی دەکرێن لە نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و فریاکەوتنی رۆژئاوا.

۲. گشت حاڵەتەکانی شکان، لە فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر چارەسەریان بۆ دەکرێت.

۳.نەشتەرگەری گشتی دەچێتە نەخۆشخانەی ئیمرجنسی و فریاکەوتنی رۆژئاوا.

٤. ئەو نەخۆشانەی پێویستییان بە بەشی هەناو هەیە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا و نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەلات چارەسەر دەکرێن.

٥. بەشی چارەسەری جوانکاری لە فریاکەوتنی رۆژئاوا دەبێت، جگە لەبەشی سوتان.

٦.نۆرینگەی دەرەکی، لەگەڵ بەشی راوێژکاری بەیانیان له فریاکەوتنی رۆژهەڵات دەمێنێتەوە.

۷. ئەو نەخۆشانەی پێویستییان بە بەشی چاو و قورگ و لوت و گوێ هەیە سەردانی نەخۆشخانەی رۆژئاوا بکەن.

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێردا هاتووە، سەبارەت بەخەلیفان و سۆران و دەوروبەری ئەو نەخۆشانەی رەوانەی هەولێر دەکرێن و چارەسەریان لێرە نیە بەپێی ئەو رێنماییانە جۆری نەخۆشیەکەبۆ نەخۆشخانەی دیاریکراو رەوانە دەکرێت بۆ نمونە، کێشەی شکانی هەبێ نەخۆشەکەت دەبەیتە فریاکەوتنی رۆژاوای هەولێر، پێویست ناکات کاتت بەفیڕۆبدەی بیبەیتە نەخۆشخانەیەکی تر.













گەلەری