سەردێڕ:

خۆپیشاندەران قوفڵیان لە دەرگای زانکۆی سلێمانیدا

AM:11:50:14/05/2022

3616 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانبەرانی کەمپە کۆنەکەی زانکۆی سلێمانی قوفڵیان لەدەرگای زانکۆدا تا جێبەجێکردنی تەواوی داواکارییەکانیان نایکەنەوە و بەردەوامدەبن لە بایکۆتی دەوام و گردبوونەوەکانیان.


ئەمڕۆ شەممە، سەرەڕای ئەوەی لە بەشێک لە دامودەزگاکانی حکومەت و زانکۆکاندا دەوامی فەرمی نییە، بەڵام بەشێک لە فەرمانبەرانی کەمپەکۆنەکەی زانکۆی سلێمانی قوفڵیان لە دەرگای زانکۆدا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، فەرمانبەران ئامادەنین دەرگای زانکۆ بکەنەوە تا تەواوی داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی بەردەوامن لە بایکۆتی دەوام و گردبوونەوەکانیان و داوای جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانیان دەکەن.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی داوایانکردووە، موچەی لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت و موچەی مانگی ٣ و ٤یان پێبدرێت و تەواوی موچە پاشەکەوت کراوەکانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە و پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێبکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، زیاتر لە هەفتەیەکە بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین بەهۆی داوکەوتن و پێنەدانی موچەکانیانەوە بایکۆتی دەوامییان کردووە و بەردەوامن لە گردبوونەوەکانیان.

هەروەها، بەشێک لە خوێندکارانیش شانبەشانی مامۆستایان گردبوونەوەیان کرد و داوای خەرجکردنی دەرماڵەکانیان کرد.

 

 

کارزان تاریق - سلێمانی













گەلەری