سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی تەواوی زانیارییەکان لەسەر شەڕەکەی شەوی رابردووی هەولێر ئاشکرا دەکات

AM:10:16:14/05/2022

63508 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە گوندی کەوڕەبەن بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکەی شەوی رابردووی گوندەکەیان لە نێوان دوو برادا روویداوە کە هاوسەرەکانیشییان خوشکن. دەشڵێت، "لە رووداوەکەدا پێنج کەس کوژراون و دوو کەسیش برینداربوون لە برینی یەکێکیان سەختە".


ئەمڕۆ شەممە، چاوگێک لە گوندی کەوڕەبەن، کە دانیشتووی گوندەکەیە و ئاگاداری تەواوی رووداوی شەڕی نێوان دوو بنەماڵەکەی گوندەکەی بووە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەڕەکە لە نێوان دوو برادا روویداوە کە هاوسەرەکیانیان خوشکن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ساڵی رابردوو دوو براکە لەسەر هەندێ کێشەی بچوک کە پەیوەندی بە پارچە زەویەکی تایبەت بە بەخێوکردنی پەلەوەر هەبووە، دەبێتە شەڕیان و سێ کەس بریندار دەبن.

وتیشی، ئێوارەی رابردوو لەسەر بەردێک کە بەر پەنجەرەی ماڵی برا بچوکەکه کەوتووە، دووبارە دەبێتە شەڕیان، کێشەی کۆنی یەکتر هەڵدەدەنەوە و شەڕەکە دەگاتە ئاستی بەکارهێنانی چەک، لە ئەنجامدا ئەو کارەساتە گەورەیەی لێدەقەومێت.

چاوگەکە ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەنجامی شەڕکە تا ئێستا پێنج کەس کوژراون و دوو کەسی دیکە برینداربوون کە برینی یەکێکیان سەختە.

ئاشکراشی کرد، برا گەورەکە خۆیی و سێ لە کوڕەکانی کوژراون، کچێکشی بە سووکی بریندارە، ئێستا لە خێزانەکەشیدا تەنها کچێکی کەمئەندام و کچە بریندارەکەیی و دایکەکەیان ماون.

چاوگەکە باسی لەوەشکرد، برا بچووکەکە سەلامەتە، بەڵام کوڕێکی کوژراوە و کوڕێکی دیکەشی گولـلە بەر سەری کەوتووە و دۆخی تەندروستی خراپە.

وتیشی، هەر چوارلە کوژراوەکەکان لە تەنیشت یەکتر لە گۆڕستانی شێخ بازید لە گوندی باستام کە کەمتر لە کیلۆمەترێک لە قەزای خەباتەوە دوورە نێژراون و کوژاروەکەی دیکە بە دووری دوو مەتر لەتەنیش ئەوانی دیکەوە نێژراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دوو لە کوژراوەکان کە ئامۆزای یەکترن یەکێکیان پزیشک و ئەوی دیکەیان ئەندازیارە.

چاوگەکە ئەوەشی خستەڕوو، دوای رووداوەکە هەردوو بنەماڵەکە گوندەکەیان بەجێهێشتووە و لە ئێستادا لە قەزای خەبات نیشتەجێبوون.

گوندی کەوڕەبەن سەر بەناحیەی رزگاری(تۆپزاوا)ی سەر بە قەزای خەباتە لە پارێزگای هەولێر، نزیکەی ١٣٠ ماڵی تێدا دەژی.

 

 

رزگار کۆچەر -  هەولێر 













گەلەری