شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین رووی لە پارێزگای بەغدای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق لە ناوەڕاست و باشور کردووە. بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی دەڵێت، "شەپۆلی خۆڵبارینەکە هەرێم ناگرێتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە رۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین هەرێم بگرێتەوە ".
ئەمڕۆ هەینی، ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، شەپۆلێکی نوێی خۆڵبارین رووی لە وڵات کردووە و پارێزگای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی دیکەی لە ناوەڕاست و باشوری وڵات گرتووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ، دەستەی کەشناسی
عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبووە، ئەمڕۆ هەینی ئاسمانی ناوچەکانی ناوەڕاست و
باشور ساماڵ دەبێت و دواتر دەگۆڕێت بۆ
خۆڵبارین و لە دوانیوەڕۆوە گەردەلولی خۆڵبارین دروست دەبێت.
ئاماژەی بەوەشدابوو،
ئاسمانی هەرێم ساماڵ دەبێت و دەگۆڕیت بۆ نیمچە هەور و تۆزێکی کەم لە ئاسماندا دەبێت.
ئەوەشی خستبووەڕوو، رۆژی شەممە
ناوچەکانی ناوەڕاست و باشور ئاسمان ساماڵ دەبێت و تۆزیکی کەم لە هەوادا دەبێت. دەشڵێت،
رۆژی یەکشەممە، ناوچەکانی ناوەڕاست ئاسمان نیمچە هەوردەبێت، بەڵام ناوچەکانی باشور
ساماڵ دەبێت و کەمێک تۆزی دەبێت.
راگەیەنراوەکە ئەوەشی
ئاشکرا کردووە، رۆژی دووشەممە، ئاسمانی ناوچەکانی ناوەڕاست پەڵەهەوری دەبێت و خۆڵبارین دەبێت، بەڵام
ناوچەکانی باشوری وڵات ئاسمان ساماڵ دەبێت و دوانیوەڕۆکەی خۆڵبارین دەستپێدەکات.
هاوکات، لەلایەن خۆیەوە،
ئاسۆ کەمال بەڕیوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەم
شەپۆلی خۆڵبارینە ناوچەکانی ناوەراست و باشوری عێراق دەگرێتەوە و ناگاتە ناوچەکانی هەرێم کوردستان و گاریگەری لەسەر هەرێم نابێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەری
هەیە رۆژانی ١٦ و ١٧ی ئەم مانگە شەپۆلێکی
دیکەی خۆڵبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رابردوودا
چەند شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە عێراق و هەرێم کرد و بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار کەس بۆ وەرگرتنی
چارەسەر روویان لە نەخۆشخانەکان کرد وچەند هاوڵاتییەکیش لەناوەڕاست و باسووری عێراق بەهۆی خۆڵبارینەوە گیانیان
لەدەستدا.
ئیحسان سابر - سلێمانی