ھاوسەرۆکی یەکێتی ھەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دۆخی چەقبەستووی سیاسی عێراق ئاشکراکرد و راگەیاند، لەسەرەتاوە یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و سازانی سیاسی بووە، چونکە دۆخی ئەمڕۆی عێراق بەجۆرێکە کە نابێت ھیچ ھێز و لایەنێک پەراوێز بخرێن. دەشڵێت، " ناکرێت بەناوی زۆرینەوە وڵات بەرەو ئاقارێکی خراپ ببرێت".
نوسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی لە ئێلبروس کوتراشیێڤ باڵیۆزی روسیا لە عێراق کرد.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە دیدارەکەدا
گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ئەمڕۆی عێراق و ھەرێم و کێشە سیاسییەکانەوە کراوه.
بافڵ تاڵەبانی ھەڵوێستی خۆی سەبارەت
بەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی لە عێراق دروستبووە ئاشکرای کردووە، لەسەرەتاوە یەکێتی لەگەڵ لێکتێگەیشتن و سازانی سیاسیی بووە، چونکە دۆخی ئەمڕۆی عێراق بەجۆرێکە
کە نابێت ھیچ ھێز و لایەنێک پەراوێز بخرێن.
دەشڵێت، ناکرێت بەناوی زۆرینەوە وڵات بەرەو ئاقارێکی خراپ ببرێت و ھەموو
ھەوڵێکیش لە دەرەوەی ئەم ئیرادە نیشتمانییە بێ ئەنجام دەبێت.
ھاوسەرۆکی یەکێتی ئەوەشی
خستووەتەڕوو، "تا ئێستاش کات ماوە بۆ گفتوگۆ، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و
ھاوبەشیی راستەقینە کێشەکان چارەسەر بکەین".
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی نوسینگەی
رۆژنامەوانی، بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەکردووە، "حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبھێنین
کە وڵات بەرەو سەقامگیری سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی ببات. ئەمەش ئامانجی ئێمە بووە
و ھەموو ھەوڵەکانمان لەو پێناوەدا بووە".
ھەر لە دیدارەکەدا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی
نێوان عێراق و روسیا کراوهتهوه بەجۆرێک
کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەردوولا بکات.