دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، لە ئاکامی ئۆپەڕاسیۆنەکانیاندا بەرپرسێکی باڵای داعش بەناوی محەمەد زەوبعی کە ناسراو بووە بە ئەبو عەزام و ئەبوسەیف و ئەمیری کەتیبەی زەرقاویی داعش بووە لە باشووری رۆژئاوای بەغدا، دەستگیرکراوە.
دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند، بەهاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری هەرێم توانیویانە ئەمیرێکی داعش محەمەد زەوبعی ناسراو بە ئەبو عەزام و ئەبوسەیف کە ئەمیری کەتیبەی زەرقاویی بووە دەستگیر بکەن.
لە راگەیەندراوەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە
چەکدارەکان و بە چاودێریی راستەوخۆی عەبدلوەهاب ساعدی فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر،
هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە.
باس لەوەشکراوە، هێزەکانیان لە گوندی عەواشیرە لە پارێزگای کەرکووک دابەزینی
ئاسمانییان لە نزیک زنجیرە چیاکانی حەمرین ئەنجامداوە و توانیویانە ئەندامێکی داعش
دەستگیربکەن و یەکێکی دیکەش دوای رووبەڕووبوونەوە خۆی رادەستکردووە و لە دوای لێکۆڵینەوەکان،
دەرکەوتووە یەکێکە لە بەرپرسی پەیوەندییەکانی داعش لە ناوچەی داقوق.
دەسڵێت، "هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان لەنێو شاری کەرکووک ئەنجامداوە
و لە ئاکامدا پێنج داعشیان دەستگیرکردووە کە چواریان هەڵگری رەگەزنامەی جیاوازن."
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەرپرسە دەستگیرکراوەكهی داعش لە
نێوان عێراق و سووریا هاتوچۆی کردووە و لە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا زانیاریی زۆر
گرنگی ئاشکرا کردووە.
گروپی چەکداری داعش لە ساڵی ٢٠١٤ توانییان دەست بەسەر رووبەرێکی فراوان لە
خاکی سوریا و عێراقدا بگرن، دواتر بە هاوکاری ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی
داعش لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی عێراق شکستپێهێنانی گروپەکەی لە خاکی عێراق راگەیاند، بەڵام
تا ئێستاش جموجوڵی شانە نوستووەکانی گروپەکە لەناوچەکە بەردەوامی هەیە.