سەردێڕ:

سعودییە مەرجێکی بنەڕەتی بۆ حەجکردن لەم ساڵدا ئاشکرا کرد

AM:09:48:08/05/2022

6768 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە رایگەیاند، هەرکەسێک بەنیازە فەریزەی حەج جێبەجێبکات ئەوا پێویستە ژەمەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی تەواوکردبێت بە یەکێک لەو ڤاکسینانەی وەزارەتی تەندروستی وڵاتەکەی پەسەندی کردووە.


وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە لە تویتەری فەرمی خۆی بڵاویکردەوە، هەرکەسێک بەنیازە فەریزەی حەج لەم ساڵدا جێبەجێبکات ئەوا پێویستە ژەمەکانی وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنای وەرگرتبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، تەنها ئەو ڤاکسینانە رێگەپێدراودەبن کە وەزارەتی تەندروستی سعودییە پەسەندی کردوون.

لەبارەی بەشداریکردن لە کارە خۆبەخشییەکانەوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە نزیکترین ماوەدا هەلی کاری خۆبەخشی لە بواری خزمەتکردنی حاجییەکاندا رادەگەیەنرێت لە رێگەی سەکۆی نیشتیمانییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵە رێگە پێدراوەکانی خزمەتکردنی حاجییان.

لەماوەی رابردوودا، وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودییە لە راگەیەنراوێکیدا کە رۆژنامەی عوکازی ئەو وڵاتە بڵاویکردبووەوە تیایدا هاتبوو، جگە لەو کەسانەی ڤیزای تایبەت بە حەج وعەمرەیان پێدراوە یان مۆڵەتی مانەوەیان لەناو سعودییە پێدراوە، هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت ئەمساڵ حەج و عەمرە ئەنجامبدات.

هەروەها، لە رێکەوتی ١١ی ٣ی ٢٠٢٢ رۆژنامەی عوکازی سعودییە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رێگەدەدەن ئەو کەسانەی بەنیازن عەمرە ئەنجامبدەن و ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتووە یان ژەمی دووەمیان وەرنەگرتووە دەتوانن عەمرە ئەنجامبدەن.

لەلایەن خۆشیەوە، نیاز راغب نەقشبەندی بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عەمرە رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ نزیکەی دوو هەزار کەس دەتوانن بچن بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و وردەکاری مەرج و خەریجییەکانی پرۆسەکەی ئاشکراکردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە عێراق ١٥ هەزار ٢٥٢ کەس دەتوانن بەشداری بکەن و لەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢ هەزار کەس بەشداردەبن."

باسی لەوەشكرد، ئەو بڕە پارەیەی لە حاجییان وەردەگیرێت بۆ پرۆسەکە بۆ خەرجی و هاتوچۆ و خواردن و پێداویستییەکانیان خەرجدەکرێتەوە و هەر ٤٧ بۆ ٥٠ حاجییەی دەدرێن بە کۆمپانیایەک، بۆ رێنمایی و جێبەجێکردنی رێکارەکانیان.

لەبارەی مەرجەکانی ئەمساڵەوە بۆ حەجکردن ئەوەی ئاشکراکردووە، کە دەبێت حاجییان لە خوار ٦٥ ساڵەوە بن، واتە لە ساڵی ١٩٥٨ بە دواوە و بۆ ژنانیش لە خوار ٤٥ ساڵەوە دەبێت کەسێکی مەحرەمیان لەگەڵدا بێت، یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە پێویستە ئەو کەسەی پرۆسەکە ئەنجامدەدات کارتی ڤاکسینی باوەڕپێکراوی هەبێت و پاسپۆرتی تەواو بێت.

نیاز راغب نەقشبەندی دەشڵێت، "ئەو ڕێژەیەی ناویان لە تیروپشک دەرچووە، هەموویان ناتوانن حەج بکەن، چونکە ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان و هەموو وڵاتان کەم بووه‌تەوە، بۆیە تەنیا دەتوانین ٢ هەزار کەس یان کەمێک زیاتر بنێرین بۆ حەج، چونکە لە تیروپشکی ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٤ هەزار و ٣٠٠ کەس بوون، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵە جیایان دەکەینەوە بۆ ساڵی ئاییندە، بەڵام بە مافیان ناخورێت و شوێنیان پارێزراوە بۆ ساڵی داهاتوو، کە وڵاتی سعودیە بڕیاری خۆی گۆڕی و مەرجی تەمەنی نەهێشت یەکەم کەس ئەوان حەج دەکەن."

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ماوەی دوو ساڵي ئەنجامدانی پرۆسەی حەج بۆ وڵاتان راگیراوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە و ساڵی رابردوو تەنها رێگا بە هاوڵاتیانی ناوخۆی سعودییە درا پرۆسەکە ئەنجامبدەن. جگە لەوەی بۆ ئەمساڵ رێژەی ٪٤٥ی پشکی وڵاتان کەمکراوەتەوە.

بڕیارە ئەمساڵ دابەشکردنی رێژەکە بەم جۆرەبێت کە ١٥٠ هەزار کەس لە ناوخۆی سعودیە و٨٥٠ هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی تر بێت. لە عێراقیش ١٥ هەزار ٢٥٢ کەس دەتوانن بەشداری بکەن و لەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢ هەزار کەس دەتوانن بەشدار بن کە دیاریکردنی رێژەکە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان دەبێت.

لەساڵی ٢٠٢٠دا بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرناوە دەسەڵاتدارانی سعودییە ئەنجامدانی فەریزەی حەج و عەمرەی قەدەغەکرد و لەساڵی ٢٠٢١ رێگەی دا تەنها ٦٠ هەزار هاوڵاتی وڵاتەکەی ئەنجامبدەن.













گەلەری