سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. شۆفێرێک لە پۆلیسێکی هاتوچۆ دەدات و هەوڵدەدات هەڵبێت

AM:08:51:07/05/2022

11556 جار خوێندراوەتەوە

لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە تیایدا دەردەکەوێت، لە پارێزگای دیوانییە شۆفێرێک لە پۆلیسێکی هاتوچۆ دەدات و هەوڵدەدات هەڵبێت. هاتوچۆی گشتیش دەڵێت، "شۆفێرەکە دەستگیر کراوە".


ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە هەندێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا دەردەکەوێت شۆفێرێک لە کارمەندێکی هاتوچۆ دەدات و هەوڵدەدات هەڵبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، شەوی رابردوو رێکەوتی ٦ی ٥ی ٢٠٢٢ رەزا فازل عەباس یەکێک لە کارمەندانی هاتوچۆی پارێزگای دیوانییە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ خولەک لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەی و بەمەبەستی رێکخستن و ئاسانکاری رەوشی هاتوچۆ یەکێک لە رێگاکانی بەربەستکردووە، بەڵام شۆفێرێک بەشێوەیەکی مەترسیدار لە پۆلیسەکەی هاتوچۆ و ماتۆڕسکیلەکەی دەدات و هەوڵدەدات هەڵبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، شۆفێرەکە بە دووری ٢٠٠ مەتر لەشوێنی رووداوەکە دوور دەکەوێتەوە، بەڵام بە هەوڵی مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە شۆفێرەکە دەستگیربکەن و رادەستی دادگای بکەن.

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، پۆلیسەکەی هاتوچۆ لە ئێستادا لەنەخۆشخانەیە و بڕیاریشە رێزلێنانی بۆ بکرێت.

لەبارەی زانیاری ئۆتۆمبێلەکەوە، راگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق ئاشکرای کردووە، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری نێترایە و تەکسییە و رەنگی پرتەقاڵییە و هەڵگر ژمارە ١٩٤٨ی پارێزگای نەجەفە.













گەلەری