سەردێڕ:

سەدر نوێترین پەیامی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە بڵاوکردەوە

PM:05:46:04/05/2022

5788 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، داوا لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکان و بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بچنە باڵ هاوپەیمانی سێ قۆڵی بۆ کۆتاییهێنانی چەقبەستوویی سیاسی. دەشڵێت، "چوارچێوەی هەماهەنگی شکستیهێنا لە پێکهێنانی حکومەتی سازان".


ئەمڕۆ چوارشەممە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین تویتیدا پەیامێکی لە بارەی پێکهێنانی حکومەتەوە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی شکستیهێنا لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا.

لەپەیامەکەیدا هاتووە، "دوای راوێژکردن بە هاوپەیمانان لە گەورەترین هاوپەیمانێتیدا دەڵێم: پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا سێ لایەنی هەیە ئەوانیش:

لایەنی یەکەم/ گەورەترین هاوپەیمانی "هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان" کە خاوەنی زۆرینەی نیشتیمانییە، بەهۆکاری بڕیاری دادگای عێراقی وچالاک کردنی یەک لەسەر سێی پەکخەر، دوا کەوت لە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.

لایەنی دووەم/ چوارچێوەی هەماهەنگی کە داوای حکومەتی سازان دەکات، چل رۆژ مۆڵەتمان پێدان، بەڵام شکستیان هێنا لە پێکهێنانی حکومەتی سازان.

لایەنی سێیەم/ کەسایەتییە سەربەخۆکانی ناو پەرلەمان، داوایان لێدەکەین "فراکسیۆنی سەربەخۆکان پێکبهێنن" کە لە ٤٠ ئەندام کەمترنەبێت و بە دووربن لە چوارچێوە هەماهەنگی کە مۆڵەتی خۆیان وەرگرت، پێویستە سەربەخۆکان پەیوەندی بکەن بە گەورەترین هاوپەیمانی تا حکومەتێکی سەربەخۆ پێکبهێنن و دواتر تەواوی وردەکارییەکان بۆ رووندەکەینەوە و دەنگ لە بەرژەوەندی حکومەتی گەورەترین هاوپەیمانی بدەن، کە فراکسیۆنی سەدر بە رێککەوتن لە گەڵ سوننە و کورد هاوپەیمانێتییەکەیان پێکهێناوە و ئەندامەکانی رەوتی سەدر هیچ وەزارەتێک وەرناگرن".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەدردا هاتووە، پێویستە لەماوەی ١٥ رۆژدا پەرلەمانتارە سەربەخۆکان پەیوەندی بە گەورەترین هاوپەیمانێتییەوە بکەن تا لە خێراترین کاتدا حکومەت پێکبهێنرێت و کۆتایی بەنههامەتییەکانی گەل بهێنرێت.

دەشڵێت، "جارێکی دیکە داوا لەو لایەنانە دەکەین لە نا وچوارچێوەی هەماهەنگیدا کە گومانی باشییان پێدەبەین، ببنە هاوپەیمانی فراکسیۆنی سەدر، هیواخوازین بەرژەوەندی نیشتیمان بخەنە پێش بەرژەوەندی بەرتەسکەوە و لە گەردنی ناچاربوون بە چەقبەستووی سیاسی رزگاریانبێت وەک خۆیان باسی لێوە دەکەن".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر جارێکی دیکە پێداگری لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی کردووەتەوە.













گەلەری