سەردێڕ:

دامەزراندنی برای ئەندامێکی شاندەکەی پارتی لە بەغدا وەک راوێژکاری حەلبوسی ناڕەزایی یاساناسانی لێکەوتەوە

AM:08:57:24/04/2022

6264 جار خوێندراوەتەوە

کەسایەتییە سیاسییەکان و شارەزایانی بواری یاسا ناڕەزایەتی توندی خۆیان بەرامبەر شێوازی دامەزراندنی برای یەکێک لە ئەندامانی شاندی دانوستانکاری پارتی دەربڕی. دەشڵێن، "ئەو جۆرە دامەزراندنە لەسەر بنەمای پشکپشکێنەیە و لەدەرەوەی بنەما یاساکارپێکراوەکانە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، مەنار عەبیدی وتەبێژی بزوتنەوەی ئیمتیداد بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی راگەیاند، دامەزراندنی راوێژکارەکانی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان لەسەر چەند بنەمایەک دەبێت و لە دیارترینیان تەمەن و شاڵانی خزمەت و پسپۆڕییە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە دامەزراندنی راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمان بۆ کاروباری ئابوری هیچ کام لەم مەرجانە لەبەرچاو نەگیراون.

دەشڵێت، ئەم جۆرە دامەزراندنانە بە پشکپشکێنەی حزبی و سیاسی کراوە و هەر لایەنێک لە رێگەی ئەوپۆستانەی دەستی کەوتوون پشکی خۆی بپچڕێت.

مەنار عەبیدی ئەوەشی خستەڕوو، هەرکەسێک وەک راوێژکار لە پەرلەمان دابمەزرێنرێت وەک موچەی ئەندام پەرلەمان و تەواوی ئیمتیازاتەکانی هەیە، جیاوازییان تەنها ئەوەیە ئەندام پەرلەمان گەل هەڵی دەبژێرێت بەڵام راوێژکارەکە پەرلەمان خۆی دەنگی پێدەدات.

لەلایەن خۆیەوە، عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاسا ئاماژەی بەوەدا، دامەزراندنی پلە تایبەتەکان بەگوێرەی دەستوری عێراقی لە مادەی ٦١ بڕگەی پێنج و مادەی ٨٠ لە بڕگەی پێنج ئاماژەی پێکراوە، کە ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری دەکات و پەرلەمان دەنگی لەسەردەدات.

دەشڵێت، هەر کەسێک حکومەتی کاربەڕێکار دایبمەزرێنێت حکومەتی نوێ دەتوانێت دامەزراندنەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

هەروەها، محەمەد زیادی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەدا، لە ساڵی ٢٠٢١ لەگەڵ ئەوەی حکومەت و وەزارەتی دارایی رایانگەیاندووە دامەزراندن راگیراوە، بەڵام دامەزراندنی راوێژکارە پلە تایبەت و باڵاکان لە هەر سێ سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و بەشێکی رۆز لە وەزارەتەکان دیاردەیەکی ئاشکرا یە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی هەینی رابردوو رێکەوتی ٢٢ی ٤ی ٢٠٢٢ سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکا ئاماژەی بەوەکرد لە جێگەی بەجێگەیاندنی داواکارییەکانی هاوڵاتییانی هەرێم، برای یەکێک لە ئەندامی شاندی دانوسانکاری هەرێم کە پارتییە لە بەغدا بە پلەی راوێژکار دامەزراوە.













گەلەری