سەردێڕ:

تورکیا و پەکەکە لە سەر ژمارەی سەربازە کوژراوەکان لێدوانی جیاواز دەدەن

AM:09:39:23/04/2022

7236 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، رۆژی هەینی لەئەنجامی روبەڕوبونەوەی نێوان هێزەکانیان لەگەڵ چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، سەربازێکی سوپای وڵاتەکەیان کوژراوە. هەپەگەش دەڵێت، " لەماوەی پێنج رۆژی شەڕدا ٢٠٥ سەربازی تورکیا کوژراون کە چەندین پلەداری سەربازیی تێدایە."


وەزارەتی بەرگری تورکیا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەو سەربازەی کوژراوە پلەی رەقیبی یەکەم بووە لە فەوجەکەیدا، بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکیا لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنی چنگ-قفڵ کوژراوە.

دوێنێش، ناوەندی راگەیاندن چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل "هەپەگە" كوژرانی ٢٧ سەربازی تری سوپای توركیای راگەیاند و دەشڵێت، " لەماوەی پێنج رۆژی شەڕدا ٢٠٥ سەربازی تورکیا کوژراون کە چەندین پلەداری سەربازیی تێدایە."

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت، "لەماوەی شەڕی پێنج رۆژی رابردوودا کە لە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵدا کە لەباکوری عێراق بەڕێوەدەچێت ٤٢ چەکداری پارتی کرێکاران کوژراون."

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" لە بەرمابەری تاوتوێی ئێن ئاڕ تی دا رایگەیاند، لەماوە چوار رۆژی جەنگدا زیاتر لە ١٥٧ سەربازی تورکیا کوژراون و حەوت گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان شەهید بوون.

شەوی ١٧ی ئەم مانگە، سوپای توركیا هێرشی زەمینی بۆسەر چیای كوڕەژارۆ و زاپ و مەتینا و ئاڤاشین لە ئامێدیی دەستپێكرد و ئەوەش دوای دوو رۆژ بوو لە سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان و سەرۆکی دەزگای میتی ئەو وڵاتە.

دوابەدوای ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای لە بەغدا بانگهێشتکردوو ئۆپراسیۆنەکەی بە "پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق" وەسفکرد، لەبەرامبەردا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، دیپلۆماتکارێکی عێراقی لە وڵاتەکەی بانگکردووە بۆ گەیاندنی نیگەرانی وڵاتەکەی سەبارەت بە وتەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق دژی دواین هێرشی سەربازی تورکیا بۆ سەر چەکدارەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێم.













گەلەری