جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی رەخنەی لە حکومەتی عێراقی گرت لەبارەی پێنەدانی ڤیزا بە گەشتیارانی وڵاتەکەی تا لە شەوانی قەدردا سەردانی مەزارگە ئاینییەکان بکەن لە شاری نەجەف و کەربەلا.
ئەمڕۆ هەینی، میر ئەحمەدی جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ کاروباری ئەمنی بە رۆژنامەی "ئێران"ی وڵاتەکەی راگەیاند، باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران ئامادەنییە ڤیزا بداتە ئەو گەشتیارە ئێرانیانەی خۆیان ئامادەکردووە لە شەوانی قەدردا سەردانی شاری نەجەف و کەربەلا بکەن بەمەبەستی سەردانی کردنی مەزارگەکان.
ئاماژەی بەوەشدا، کە بەتوندی رەخنە لە
حکومەتی عێراق دەگرێت بەوەی سەرپێچی لە رێککەوتنی نێوان دوو وڵات کردووە بە
لابردنی ڤیزا بۆ ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی وشکانییەوە سەردانی عێراق دەکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەیەکی زۆر هاوڵات
ئێرانی خۆیان ئامادەکردووە لە شەوانی قەدری مانگی رەمەزاندا گەشت بۆ عێراق بکەن تا
سەردانی مەزرگەکانی ئیمام عەلی و حسێنی کوڕی بکەن.
میر ئەحمەدی داواشی
لە حکومەتی عێراق کرد، فەرمان بکات بە پێدانی ڤیزا بەگەشتیارانی وڵاتەکەی لە
دەروازە سنورییەکانەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا
هەردوو حکومەتی عێراق و ئێران رێککەوتن لەسەر هەڵگرتنی ڤیزا بۆ ئەو گەشتیارە
عێراقی و ئێرانیانەی بە فڕۆکە سەردانی ئەو دوو وڵاتە دەکەن و باسیان لەوەشکردبوو هەڵگرتنی
ڤیزا بۆ گەشتیارانی رێگەی وشکانیش تاوتوێ بکەن.