سەردێڕ:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای بانگهێشتکرد و یاداشتنامەیەکی رادەستکرد

PM:03:21:19/04/2022

3592 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان باڵیۆزی ئەو وڵاتەی بانگهێشتکردووە و یاداشتنامەیەکی رادەستکردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رەزا گۆنای باڵیۆزی تورکیا لە عێراقی بانگهێشتکردووە لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییە دووبارەکان و بەردەوام پێشێلکردنی سەروەری عێراق و دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە فراوانەکانی لە مەتینا و ئاڤەشین و زاب و باسیان لە هەرێم.

ئاماژەی بەوەشداوە، یاداشتنامەیەکیان رادەستی باڵیۆزی تورکیا لەبارەی ئۆپراسیۆنەکەوە کردووە کە زمانێکی توند و زبری تێدا بەکارهاتووە.

دەشڵێت، داوا لە تورکیا کراوە دەست لەم کارانە هەڵگرێت کە دەبێتە هۆی توڕەبوونی عێراق و پێشێلکارییەکان کۆتایی پێبهێنێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە جارێکی دیکە داوای کردووە تورکیا تەواوی هێزەکانی لە هەرێم بکشێنێتەوە بەجۆرێک رەنگدانەوەی رێزگرتنی عێراق و سەروەریەکەی بێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق مافی ئەوەی هەیە هەر رێکارێکی یاسایی پێویست و گونجا و بەگوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بگرێتەبەر بەرامبەر هەر هەنگاوێکی داگیرکارانە و تاکلایەنانەی وەک ئەوەی تورکیا ئەنجامیداوە.

هەر لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "بە پشت بەستن بەوەی کەلە پێشەوە باسکراوە، ئاماژەدەدەین بە کاراکردنەوەی ماددەی ٥١ لە پەیمانی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە حاڵەتەکانی دەستدرێژی هێزەکانی تورکیا ئەنجامیانداوە و پشت بەهیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نابەستێت، مادەی ناوبراو رێگەدەگرێت لە هەر دەست درێژییەک بۆ سەر سەروەری واڵاتان".

هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "بوونی بەشێکی زۆری هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە هەرێم لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی ناوبراودابووە، لەگەڵ بەردەوام رەتکردنەوەی ئەودۆخە لەلایەن حکموەتی عێراقەوە، ئەمەش بەناردنە دەرەوەی کێشەی ناوخۆی تورکیا خۆیەتی".

لەکۆتایی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەروەری عێراق زەمینەیەکی گونجاو نییە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کێشەکان و درێژە پێدانی ئاڵنگارییە ئەمنییەکان، کەئەمەش هاوکاری ئەمنی نێوان دوو وڵات دەکاتە کاری لە پێشەنەیان و رێگەیەکی دروست بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە ویستراوەکان کە ئاڵنگارییەکانی ئاراستە کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی دوێنێ وەزارەتی بەرگری تورکیا دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی "کلیل چنگ"ی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جۆری ئاتاک ناوچەکانی شێلادزێ و مەتین و ئاڤاشین و زابی بۆردوومان کرد و راشیگەیاند، تا دوا ئامانجی پلان بۆدانراوی خۆیان بەگوێرەی پلانی ستراتیجی سەربازییان لە ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.

هاوکات، تا ئێستا هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێست و کاردانەوەیەکی فەرمییان نەبووە.













گەلەری