لە سەرتاسەری عێراق دوو رۆژ کرایە پشوو
ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریدا بە دەستکراوە کردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەریان و بانگێشتکردنی باڵیۆزانی ئەمریکا و ئێران، تاوەکو نامەی ناڕەزایەتییان پێبدات.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکانی سەرجەم پارێزگاکان بۆ ماوەی دوو رۆژ رابگرێت، ئەمەش بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی کەشوهەوا و بۆ پاراستنی سەلامەتیی قوتابیان.
پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پێشمەرگە و گروپە چەکدارەکانی عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە ئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە جێگەی قبووڵکردن نییە".
ئەمشەو لە گەڕەكی قولەرەیسی شاری سلێمانی منداڵێكی ساوا دۆزرایەوە و چاوگێک لە پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند، "منداڵە لای ئێمەیە و لێكۆڵینەوەمان دەستپێكردووە".
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان لە ئێران ئەنجامی باشیان بەدەستهێناوە و لە ئێشتادا دەیانەوێت بە هەرنرخێک بێت رێککەوتنمان لەگەڵدا بکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لە گوندێکی سەر بە ناحیەی بەمۆ لە دەربەندیخان روویدا و بەهۆیەوە ١٤ کەس بریندار بوون.
خوێندنی باڵا رایگەیاند، وا بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بڕیارێکی هاوبەش لەبارەی پرۆسەی خوێندن لەلایەن هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەوە بدرێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە هاوڵاتییانی پێنج پارێزگا دەکات بەهۆی بارانبارینی زۆر و ئەگەری دروستبوونی لافاو، ئاستی ئامادەکاری و هۆشیارییان لە ناوچە مەترسیدارەکاندا بە تەواوی و بە خێرایی بەرز بکەنەوە.
بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا سبەی و دوو سبەی بکرێتە پشووی فەرمی لە تەواوی قوتابخانەکانی کەرکوک.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هێرشەکانی سەر هێزەکانی پێشمەرگە سەرکۆنە دەکات و جەخت لە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق دەکاتەوە. هاوکات وەزیری دارایی عێراقیش رایگەیاند، تەواوی رێکارە پێویستەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئێستا گیراونەتەبەر و جەختیشیکردووەتەوە کە سەرجەم خەرجییەکان، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، مسۆگەر کراون.
سەرۆکی یەکێتی ئیدانەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت، بە ئامانجگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
وەزارەتی پێشمەرگە، زنجیرەیەک رێنمایی نوێ و توندی بۆ تەواوی ئەفسەر و پێشمەرگەکان دەرکرد. بەپێی ڕێنماییەکان، لێدوان بۆ میدیاکان و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی سەربازی لە سۆشیال میدیا بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کرا.
مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، "بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکەین لە سنووری سۆران" و دەشڵێت، چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدراڵ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە کە هەچی زووە سنوورێک بۆ ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان دابنێن".
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ئیدانەی بۆردومانکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و لە پەیامێکدا دەڵێت، داوای پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی عێراق و رەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستدرێژییەک دەکەین کە هێزە ئەمنییەکان دەکاتە ئامانج.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچەکانی هەرێم دەکرێتەوە و دەشڵێت، لەبەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکان لە ئەنجامی لێزمە بارانی بەهێز، باشترە نەچن بۆ گەشت و سەیران.
فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری سۆران دەربڕی و رایگەیاند، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە کە لە پێناو پاراستنی نیشتمان شەهید بوون.
سەرۆکی پارتی رایگەیاند، "زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەکەم کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە موشەکی ئێرانی کرایە سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان". دەشڵێت، ئەو پەلامارە دوژمنکارانەیە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
قائیمقامی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هاوڵاتییان دەتوانن لە ئەمڕۆوە پێشەکیی دووەمی پارەی مۆلیدە بدەن کە بۆ هەر ئەمپێرێک بڕی حەوت هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، رۆژێ پێش کۆتایی پشووی ناوەندەکانی خوێندن، لە کۆبوونەوەی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی پشوو دەدرێت.
ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاند، محەممەد باقر زولقەدر، وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستنیشانکرا.
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و هەر لەسەرەتاوە لەسەرەتاوە وتومانە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم جەنگە.
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە هاوردەکردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە و رێژەی هاوردەکردن بۆ ١٨ ملیۆن مەتر سێجا بەرزبووەتەوە.
سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو دەڵێت، "هێرشی دوژمنکارانەی غەدر و خیانەتی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین، کە لە ئەنجامدا شهش پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەش بریندار بوون".
کەشناسی رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت لە گەڵ هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین سەرەتا پێش نیوەڕۆ لە ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان دەست پێدەکات، پاشان بۆ دوای نیوەڕۆ و ئێوارەدا سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە کە هەندێ جار هەورەبرووسکەی لە گەڵ دەبێت لە ناوچەکانی گەرمیان، وە لە ئێوارە و شەودا بارانبارین زیاتر دەبێت لە ناوچەکانی گەرمیان و رۆژهەلات و ناوەڕاستی هەرێم.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمرۆ لە دوو هێرشی جیاواز دا ، بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر هێرشی شەش موەشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون".
چاوگێک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئۆتۆمبێڵێک لە رێگای خەلیفان – بالیسان وەرگەڕا و پێنج کەس کە ئەندامی یەک خێزانن برینداربوون؛ لەناو بریندارەکاندا ژن و منداڵیش هەن.
ناتانیاهۆ دەڵێت، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران تا بەتەواوی بەرنامە موشەکی و ئەتۆمیەکانیان لەناو دەبەن، بەرپرسێکی ئێرانیش دەڵێت، ئەمریکا داوای دانووستانی لێکردوون.
وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بەشی ژمێریاری وەزارەتەکە دەستی بە رێکارە فەرمییەکان کردووە بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەرانی دەوڵەت و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان.
شەوی رابردوو فڕۆکەی جەنگی بنکەی حەبانییەی گروپە چەکدارەکانی عێراق لە ئەنبار کردە ئامانج و دوای بۆردومانەکەش، میدیا عێراقییەکان باسیان لەوەکرد، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی گروپە چەکدارەکان لە ئەنبار و ژمارەیەک فەرماندە و چەکداری دیکە کوژراون.
بەهای زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا دابەزی و ئەمڕۆ یەک ئۆنسە لەو کانزا بە چوار هەزار و ٣٦٢ دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و مستقاڵێک زێڕی عەیارە ٢١ بە ٩٥٩ هەزار دینارە.