سەردێڕ:

ئایا کاتی ئەوە نەھاتووە بارزانی و تاڵەبانی دەستلەکاربکێشنەوە؟

5/24/2020 6:07:44 PM
9961 جار خوێندراوەتەوە
ناسیح مەلا کەریم
+ -

راپەڕین و ئازادی و حکومەت و پەرلەمانە پەڕ کراوەکەمان، بەرھەمی قوربانی ھەموو ئەوانەیە کە بۆ ئەم نیشتمانە سوتاون، لە ئیسلامیەکی رەسەن تا کۆمۆنیستێکی مارکسی و چەپ، لە لیبرالێک تا ناسیۆنالیستێک، با کەسی کوردایەتیمان پێ نەفرۆشێتەوە!

دێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکەمان، بێ گومان ئەوە یەکەمین جار نییە کە بەرێز مەسرور بارزانی خۆی نمایش بکات و چێوی سارد بە دڵی ھاوڵاتیانەوە بنێت، مەگەر سەرۆک نازانێت بەم گوتارە بێ بەرھەمانەی ھێندەی تر رقی ھاوڵاتیانی ھەرێم بەرامبەر حکومەتەکەی، ئەستور تر دەکات!

سەردەمانێک  کاربەدەستانی ھەرێم وەعدی ئەوەیان دەدا کە ھەرێم دەکەنە (دوبەی)! وەلێ مخابن، لەسایەی سیاسەتی چەوتەوە، ئیستا ھاوڵاتیانی بەشمەینەتی ھەرێم خۆزگە بە ھاوڵاتیانی (سۆمال) و (مۆزەمبیق) دەخوازن.  

ئەگەر پرسیار لە بەڕێزان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بکرێت یان رەخنەیان لێبگیرێت سەرباری وەڵامی بێ پاساویان، ھەزارەھا مشەخۆر و کەڕەواڵە دەبنە پارێزەر و بەرگری لە شکستی کاک مەسرور و کاک قوباد دەکەن.

ئەوە یەکەمین جار نییە دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە شکستەکانی خۆیان ئەدەنە پاڵ خەڵکی تر، رۆژێک گەمارۆی رژێمی بەعس دواتر، حکومەتی عێراق بەتایبەت نوری مالیکی، دواتر شەڕی داعش و ھتد..، ماوەیەکیش وەک خۆڵ لەچاوی خەڵکردن، بیدعەیەکی حوکمڕانی ناتەندروستیان داھێنا بە ناوی (پاشەکەتەوە) کە لە قوتوی ھیچ عەتارێکدا شتی وانیە.
ئەم پاساو ھێنانەوەیەی ئەم برادەرانە لەسەری دەڕۆن، لەو شکستە دەرونی و فێڵە دەرونیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە پێی دەوترێ "دانەپاڵ projection" ئەم دانەپاڵە کاتێ روودەدات کە مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ئازار و دڵەوڕاوکێ و رەخنە رزگاری ببێت، لەرێگەی ئەم میکانیزمەوە رەفتارە شکستخواردووەکانی خۆی ئاوەژوو دەکاتەوە و دەیانلکێنێت بە کەسانی ترەوە ‌و ئەوان تاوانبار دەکات، دەرونزانان پێیان وایە لە ڕێگەی ئەم ئاوەژووکردنەوەوە مرۆڤ والێدەکات کە بەرچاوی خۆی نەبینێ و ئاگاداری ھەڵسوکەوت و ئاکاری خۆی نەبێت، ھەر لە ڕێی ئەم ئاوەژوو کردنەوەوە مرۆڤ توشی زۆر نەخۆشی دەروونی دەبێت، وەک (غیرەکردن، ھەست بە زوڵمکردن و حەزو ئارەزوی دەستدرێژی و پێشێلکردن).

کاتی خۆشی ھەریەک لە بیرمەندان (جان جاک رۆسۆ) و(تۆماس ھۆبز) و (جۆن لۆک)، تیۆری گرێبەستی کۆمەڵایەتییان راگەیاند، کە پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و ھاوڵاتی دیاری دەکات، بەپێی ئەم گریبەستە ئەرک و مافەکانی ھەریەک لە دەسەڵاتی سیاسی و ھاوڵاتی و پەیوەندیەکانیان دیاریدەکرێت. 

خۆ ئەگەر بە شەرعی ئاسمانیش بێت، بەرێزان مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نەک نەیان توانیوە لە ئاست بەڵێنەکانی خۆیاندا بن و سادەترین مافی ھاوڵاتی (کە ژیانێکی شکۆمەندانەیە) دابینی بکەن، بەڵکو بەھۆی نەبوونی ستراتیژیەتی روون و پلانی تۆکمە و غیابی تەکنۆکراتی لە ئایدۆلۆژیای ناوبراوان، ئەمە ‌وای کردووە، رۆژ لەدوای رۆژ قەیرانەکانی ھەرێم قوڵتر بببنەوەو ئەو دەستەواژەیە راست دەربچێت کە دەڵێت: ئێمە لە ھەرێمی قەیرانەکان دەژین نەک لە ناو قەیراندا بین! 

ئێمە کارمان بەسەر ئەوکەسانەوە نییە کە لە سیاسەتەکانی (فیفتی فیفتی) و (بەشبەشێنەی سیاسی) سودمەند بوون، بەڵام ئێستا لە منالێکی ژیکەڵەی بەردەرگا و ماڵ، ھەتا دەگاتە پیرەژنێکی سەربەرماڵ لەوێشەوە بەرەو کاک قوباد و کاک مەسرور، کۆدەنگیەک ھەیە لەسەر شکستی کابینەکەیان و چەقبەستوویی ئیدارەکەیان، بە شێوەیەک نازانرێت لە کوێوە پینە بکرێت و بەر بەو ئیفلاس و ھەرەسە ئیداری و سیاسیە بگیرێت، تەنانەت ئەم برادەرانە والێیان تێکچووە ئەوەتا رێگری دەکەن لە ھەر ھەو‌ڵێکی ئاوەدانی، وەک بینیمان لە ھەندێ لە شارەکان رێیان نەدەدا (نەوەی نوێ) ھەندێ پرۆژەی خزمەتگوزرای ئەنجامبدات، یان ئەوەتا دەبینین بەنیازن کاری رێکخراوە خێرخوازیەکان سنوردار بکەن و بیانخەنە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.  

ئێمەومانان نامانەوێ و باوەڕمان بە (شەخسەنەکردنی) بابەتەکان نییە، رقمان لە مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نییە لەبەر ئەوەی ناویان مەسرور و قوبادە، بەڵکو سەرەڕمی تیری رەخنەمان ئاراستەی ئەو سیاسەتە شکسخواردووەیە کە ھەرێم بەرەو تونێلێکی تاریک و داخراو دەبات لە سایەی حوکمڕانی ئەم دوو گەنجەدا، ھاوڵاتیانی ھەرێم شانازییان دەکرد کە سەرۆکی حکومەتەکەیان و جێگرەکەی نموونەی (ئیمانۆیل ماکرۆن)ی سەرۆکی فەرەنسا و (جاستن ترۆدۆ) سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بوونایە لە خەمخۆری و حکومەتداریدا!

بۆیە لە دەستەوسانی و لاوازی وەھا حکومەتدارییەک مافی ھاوڵاتیانە سکاڵا تۆمار بکەن و ئێمەش لەم نوسینەدا وەک (ئەزعەفولئیمان) مافی خۆمانە بپرسین: ئەرێ کاتی ئەوە نەھاتووە (بارزانی) و (تاڵەبانی) دەستلەکاربکێشنەوە؟