سەردێڕ:

یەک وشە و هەرێمی کوردستان

12/3/2020 5:39:34 PM
3100 جار خوێندراوەتەوە
ئازاد ئیبراھیم ئەحمەد
+ -

ئەو دەمەی ھەموو ئەوروپاو جیھان بەدەست ناعەدالەتی و جیاوازی ڕەگەزی و جیاوازی ڕەش پێست و سپی پێستەوە دەیناڵاند و ھەموو کۆمەڵگاکان لەدۆخێکی خراپی یاسایی و ئابووری و ....ھتددا بوو، دەستەی خەمخۆرانی ئازادی و دیموکراسی و دەستەی ڕۆشنبیران و ھەموو ئەوانەی خەمخۆری دۆخی ھاوڵاتیان بوون، سەرقاڵی جێگیرکردنی تەنھا یەک وشەبوون بۆ چاککردنی ئەو دۆخە خراپەی کۆمەڵگاکانیان. چەند نوسەرێکی ئەوروپیش چەند کتێبێکیان بڵاوکردەوە بەناوی "یەک وشە"، ئەو یەک وشەیەیش نەپارەبوو، نەپێدانی موچەبوو، نەپێدانی زەوی بوو، نە کارەباو نەقیرتاوکردنی ڕێگاوبان و ...ھتد بوو، بەڵکو ئەو وشەیە بریتی بوو لەوشەی (یاسا). کۆی گشتی ئەو کەسانەی داوای سەروەربوونی یاسایان دەکرد، پێیانوابوو کۆمەڵگاکانیان لەگرێژنەدەرچووەو تەنھا سەروەربوونی یاسا دەتوانێت چاکی بکاتەوەو یەکسانی بگێڕێتەوە. لەدواجاردا ئەوەش جێگیرکرا.

ئەو دۆخەشی ئێستا لە باشووری کوردستان ھەیە، ‌ئەوەندە خراپ و نەخوازراوەو ئەوەندە ھاوڵاتیان توشی ڕەشبینی و نائومێدی بووە، ئەوەندە قەیرانی جیاواز جیاواز لەم وڵاتەدا سەری ھەڵداوە، لەھەرکوێیەکەوە قسە لەم دۆخە ناوخۆییە بکرێت و لەبارەیەوە بنوسیت، زریکەی گیانی دێت و ھاواری لێھەڵدەستێت. ھیچ بوارو کایەیەکی ژیان نەماوە لەم وڵاتەدا ھاوڵاتیان و دەستەی ڕۆشنبیران و نوسەران ھەزاران وشە و کتێبی قەبارە ئەستووری!! لەبارەوە نەنوسن، بەڵام ھەموو قسەو نوسینەکان بەھیچ چوون، چونکە لەئەساسدا  ئەم دەسەڵاتە نەک کاری بە "یەک وشە ــ یاسا" نەکرد و یاسای نەکردە ھێزی بڕیاردان و چاکەخوازی و یەکسانی، بەڵکو حیزب و بەرپرسان کەوتنەسەرەوەی یاساو ھەموو شتێک بووە قوربانی مەرامی حیزبی.

ھیچ کایەیەکی ئەم وڵاتە نییە لەھەزاران قسە زیاتری لەبارەوە نەوترابێت و گلەیی لەئاست نەکرابێت، بەڵام لەبنەڕەتدا ئەو ھەموو قسەیەی لەبارەی شێوازی خراپی حکومڕانی و دۆخی دارایی و ئابووری و ڕێگاوبان و کارەباو ...ھتدەوە وترا، لەلایەک نیشانەی دڵسۆزی میللەت و ھەستکردنی ھاوڵاتیانە بە کەموکورتییەکانی حکومەت لەم ھەرێمە، لەلایەکیتریشەوە بازدانی کاربەدەستانە بەسەر ھەڵەکانی حکومەت و حیزب لەم وڵاتەو گوێنەگرتن بووە لەڕەخنەی شارەزایان و دڵسۆزان. گەشتنی دۆخی وڵات بەم دۆخەی ئێستا تێیکەوتووە بەشێکیشی ئەنجامی ئەو خوێندنەوە (یار و نەیار)ییەیە کە کەوتۆتە نێوانی حکومەت و حیزب لەلایەک و ھاوڵاتیان و بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە! لەلایەکیترەوە.

ئێستاش ئەگەر بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ فەلسەفەی (یەک وشە ــ یاسا)، ئەبێت پێش ئەوەی مەبەستمان بێت یاسا سەروەربکرێت، ئەبێت یاسا بەسەر ھەموو ئەوانەدا جێبەجێ بکرێت و دادگایی بکرێن کە وڵاتی بەم شێوەیە و بەم دۆخە گەیاندو میللەتی بێھیوا کرد لەشۆڕش و ڕاپەڕین. تاکو ھێزی کارکردنی ئەو یەک وشەیە (یاسا) نەخرێتەسەرو بەرژەوەندی تاکەکەس و حیزب و حکومەتەوە ھەرگیز باشووری کوردستان لەم حاڵەتە باشتر نابێت و بەرەو خراپتریش دەڕوات. ئەوەی لە٢٩ ساڵی ڕابردوودا حوکمی کردووە حیزب بووە نەک یاسا، ئەوەیشی بەرھەم ھاتووە حیزب و کاربەدەستی نابەرپرس بەرھەمی ھێناوە.