سەردێڕ:

کورد و ئەزمونی سیاسی

11/23/2020 9:28:27 PM
2062 جار خوێندراوەتەوە
ئازاد ئیبراھیم ئەحمەد
+ -


ھەر گۆڕانکارییەک، یان ھەر ڕووداو و وەرچەرخانێکی سیاسی لە ناوچەکە و جیھاندا ڕوودەدات، پێش زۆرێکی وڵاتانیتر کورد پەیامی دڵخۆشی و خۆشحاڵی خۆی دەنێرێت. بە واتایەکیتر، کورد ھەمووجارێک لەسەر شەپۆلی خۆشخەیاڵی خۆی سەوڵی لێداوە بەرەو ڕوداوێکی تازە، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم پەشیمان بووەتەوە لەو خۆشخەیاڵییە و جگە لە گلەییەکی شەرمنانە ھیچیتری بۆ نەماوەتەوە.

ئەگەر لەسەر دوو پانتایی سیاسی (عیراق و ئەمریکا) بڕوانینە ئەم خۆشخەیاڵیەی کورد، ھەمووجارێک سەرکردایەتی کورد لە پێشبینییاندا بۆ کاندیدە سەرکەوتووەکانی ئەو دوو وڵاتە نەیپێکاوەو پاشگەز بۆتەوە. بەپێچەوانەی زۆرێکی بۆچوونەکان، نەبوونی ئەزموون لە دنیای سیاسی و شۆڕشگێڕی و لە کایەی ئابووری ...ھتد دا، بۆ خۆی ڕێسی ھەموو جوڵەیەکی کوردی کردۆتەوە بە خوری و بەردەوام لە پاشەکشێ دا بووە.

لە ڕوانگەی دەرئەنجامەکانی ئەو سیاسەتەوە کە کورد مومارەسەی کردووە لە ڕابردوودا، کورد نمونەیەکی جوان و ئەرێنی پێشکەش نەکردووە ھەناردەی ھەر شوێن و ناوچەیەکی دیکەی عیراق و وڵاتانی ھەرێمایەتی بکات. تەنانەت کورد لە ناوخۆی کوردستانیشدا ھەموو یارییە سیاسیەکانی خۆخۆری و یەکتر قبوڵ نەکردن بووە و ئەزموونی پەیدا نەکردووە  لەوەی  چۆن ئەو کەلێنانە پڕبکاتەوە و چیتر بە قازانجی نەیارەکانی نەشکێتەوە.

ھەر کاتێک کورد و کاربەدەستانی باشووری کوردستان توانای خوێندنەوەی ڕووداوە جۆربەجۆرەکانی ناو مێژووی کورد و کوردستانیان بووبێت، ئەوکات دەکرا باس لە وجودێک بەناوی ئەزموون بکەین، چونکە ئەزموون و ئەزموونکردن دەرئەنجامی ورد خوێندنەوە و جوان ھەڵسەنگاندن و قوڵبوونەوەی ڕووداوەکانە. بە داخەوە لە بری یەک خوێندنەوەیەکی وردی قوڵی کۆی ڕوداوەکان لەلایەن کاربەدەستەکانی کوردەوە ئێستا ئەم خوێندنەوەیە فرە لق و فرە ئاراستەیە و دابەشی سەر سیاسەتی حیزبی بووە.

بەتەعبیرێکی دیکە، ھیچ ڕووداوێک لە دنیای کوردیدا نییە بازی نەھاویشتبێت بەسەر کۆمەڵێک ھەقیقەتداو ڕووداوەکانی وەک خۆی شەن و کەو کردبێت و بەتەواوی وەک خۆی خوێندنەوەی بۆ کرابێت، تەواوی ئەم بازدانانەیش بازدانی مێژوویی نەبوون کە وەک کردەی ڕیفۆرمێکی مێژوویی یان چاککردنی ناتەواوییەکانی کورد سەیربکرێت، بەڵکو بازدانەکان جێھێشتنی تەواوی ناتەواوییەکان و کەڵەکەکردنی ناشیرینییەکانی ناو مێژوومانە لەسەر یەکتر تا ئەو ئەندازەیەی دوورترین مێژووی ئەم ناشیرینیانە لەئێستای کورددا ھەیە.

ئێستا ھەرچۆنێک و بە ھەر پێوەرێک لە جوڵە سیاسییەکانی کورد  ورد ببینەوە، ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە: ئایا کورد ئەزموونی سیاسی ھەیە وەک دنیابینییەکی جێگیر و ستراتیژێکی نەتەوەیی و نیشتمانی جێگیر؟

ئەمە ئەو پرسیارەیە نەک تاکی کورد شەرم لە وەڵامەکەی دەکاتەوە، تەنانەت کاربەدەستەکانیش نایانەوێت ئەم پرسیارە ڕووبەڕووی خۆیان بکەنەوە و بە خۆداچونەوەیەک بە جوڵە سیاسیەکانی خۆیاندا بکەنەوە. ئەم پرسیارە مێژوویەکی دووری ھەیە لەناو ژیانی سیاسی و شۆڕشگێڕی پێش ڕاپەڕینی کورد و حکومڕانی و دیموکراسی و ھێز و لایەنەکانی دوای ڕاپەڕین دا، کەچی ھیچ بەرپرسێکی کورد نەیتوانی لە ھەردوو قۆناغەکەدا وەڵامێکی پێویستی ئەم پرسیارە بداتەوە.

نابێت شەرم لەو ڕاستییە بکەین کە کورد ئەگەر چی بەناو تونێلی تاریک و ڕووداوی گەورە و مێژووییدا تێپەڕیوە، بەڵام بێئەزموونترین نەتەوەی جیھانە. نە ئەزموونێکی جوان و دەوڵەمەندی ھەیە بیداتە جیھان و مۆری کوردانەی خۆیی لێبدات، نە ئەزموونێکی باش و گەورەیشی وەرگرتووە لەھەموو ئەو کەموکورتیانەی ڕۆژگارێک توشی ھاتوون بە ھۆی ھەڵەی کورد خۆیەوە.