سەردێڕ:

نێچیرڤان بارزانی نوقتە سەری دێڕ !

4/14/2021 11:19:55 AM
5637 جار خوێندراوەتەوە
شیروان تاڵیب
+ -

عادەتەن یان ئیشی تێکدراو چاک ئەکا ، یان ئیشێک ئەکا کە نەکرا بێ ، وەک دەرھێنانی نەوت لە جەرگی خاکدا و دواتر فرۆشتنی ، پاشانیش دێت بە ھێواشی بۆڕییەک ئەچەقێنێ و سنوورەکانی پێ ئەبڕێ و ئیتر لەئاشتیدا ، ئەو بۆرییە یار خۆشحاڵ ئەکا و نەیاریش ناچار ئەکا ڕێز لە پێگەی ھەرێم بگرێ . ئێ لەشەڕیشدا ، دەست و دەمی دوژمنی پێ ئەگرێ، خۆ ھەرنا، سڕیان ئەکا تا ھیچی وەھایان پێنەکرێ !

ئەو ھەندێکجار شتێک ئەڵێ کە تازەیە ، تازەش نەبێ دژە باوە ! وەک ئەوەی کە لە زەمەنی پەتای ( دەردەکورد )دا ، بەتاقی تەنیا ئەڵێ : وەرن با کۆبینەوە و ڕێکبکەووین، تا نەکەووین !

جار جارەش بە قسەیەکی پێشتر نەووتراو ، گۆمێکی ڕاوەستاو ئەشڵەقێنێ ، وەک ئەوەی ئەمجارە لە بەغدا بە گوێی ھێز و کەسایەتییە عێراقییەکاندا دای و وتی : ھەموومان ھەڵەمان کردووە ، با بەھەڵەکانماندا بچینەوە تا ھەمووان بە ئارامی بژین !

ئەم بۆچوونە ، لێکدانەوەیەکی وردی، دۆخێکی ھەستیاری ، عێراقێکی عەجیبە و ھەڵسەنگاندێکی واقیعیشە، چونکە نە شەڕ و گرژی بەلایەک ئەکرێ و نە ئاشتی و ڕێککەووتنیش، پاشان خۆ چەپڵە بەدەستێک لێنادرێ!

نێچیرڤان بارزانی چاکی ھێنا و دەقیقیش لێکیداوەتەوە ، ئاخر ھەڵەی چاک کراوە ،،

ھەڵە لە لێکدانەوەی دەستوور ،

ھەڵە لە تێگەیشتن بۆ فیدراڵی ،

ھەڵە لە خوێندنەوەی واقیع و تەنانەت ھەڵە لە ھەڵسەنگاندنمان بۆ پێگەی یەکتریش !

ھەڵەی کوشندەش کە خەریک بوو دیسانەوە پەنا بۆ کردنەوەی ببردرێ، بیرکردنەوە بوو لە سیاسەتی چۆکپێدادانی گەلی کوردستان، ئەو سیاسەتە نەزۆکەی رژێمە ( کەوتووەکان ) کە نەک ھەر کوردی پێ دەستەمۆ نەکرا، بەڵکو عێراقیشی گیرۆدەی زنجیرەیەک شکست کرد کە ھێشتاش ژان و شوێنەوارەکانیان ھەرماون و وا زووش ناڕۆن، ئەمێنێ !

لەبەغدا، نێچیرڤان بارزانی ڕاشکاوانە داوای ڕاشکاوی لە ھەمووان کرد تا دوای ١٨ ساڵ لە حوکمڕانییەتی عێراقی تازە! دان بە ھەڵەکانماندا بنێین، ئەو ھەڵانەی کە دۆخەکەیان گەیاندە ئەو ڕادەیەی ، شەراکەت بووە دژایەتی و یەکترتەواوکردنیش بووە یەکتربڕین !

تەوافوق بەلاوەنرا و کەمینەوزۆرینەش بۆ ھەموو شتێک ، ھاتە جێی !

لەم عێراقە تازەیەدا کە کۆمەڵە ھاوسەنگەرێکی کۆن بونیادیان نا ، برایەتی لە خوێندا ، گۆڕدرا بۆ خوێنڕشتنی براکان !

دەستی دەستی و دەستی یەکتربڕین ، میکانیزمە باوەکەی وتوێژە و کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە و ڕێککەووتن لەسەر ڕێکنەکەووتنیش ، سیمای دیاری دانوستاندنەکانی ھەردوولا بووە !

ئەو ئەمجارە ھەمووانی خستە بەردەم دوو ئیختیار ،،

یان بەردەوامی کێشەکان و ئاڵۆزتربوونیان و مانەوەی ھەمووان لەناو گێژاو !

یان چارەسەری ڕیشەیی بە دانانی خاڵ لەسەر پیتەکان و ھەنگاونان بەرەو لێکگەیشتن ، تێگەیشتن ، دواجاریش ڕێککەووتن .

لەگەڵ ئەمانەشدا ، ئەوەیشی خستۆتەبەرچاو کە ئاشتی و تەبایی و سازان ، عێراقێکی بەھێز و ھەرێمێکی بەھێز ئەنجامەکەی ئەبێ و شەڕ و گرژی و ترازانیش ، بەرەو عێراقێکی لاوازتر و ھەرێمێکی ھەمیشە کێشەدار ، ئەمانبا !

پاش سەد ساڵ ، بوێری نێچیرڤان بارزانی لە خستنەڕووی بۆچوونەکانیدا بۆ چارەسەر بەڕادەیەکە کە بە ئاشکرا بەعێراقییەکان بڵێ : ئێمە بەھێزی خۆمان لە بەھێزی ئێوەدا ئەبینینەوە !

فەوزا و پاشاگەردانی لە بەغدا ، مانای گەشانەوەی ھەولێر ناگەێنێ !

بچووکبونەوەی ئێمە، ئێوە گەورە ناکا و گەورەیی ئێمەش لە بچووکبوونەوەی ئێوەدا نیە!

ئەو، سەوابتە نەتەوەییەکان فەرامۆش ناکا و چاکی لەبیرە ، بەڵام واقیعەکەشی باش ھەڵسەنگاندووە ، چونکە ئەزانێ چی ئەگوزەرێ !

لەڕاستیدا ئەوەی ئەو ئەیەوێ ، ھەرئەوەیە کە ھەر کورد و کوردستانییەک ئەیەوێ ، بەڵام لای ئەوی واقیعبینی نا حەماسی ، ھەر قۆناغێک ، ئامراز و میکانیزمی خۆیی ھەیە !

بەواتایەکی تر ،،،

ئەو پێی وایە ماست لەوەختی خۆی و کەنگریش لە وەختی خۆی دا ،،

دێ .