سەردێڕ:

کۆتایی سەرمایەگوزاری سیاسی "ئیسرائیل" لە ھەرێمی کوردستان

9/22/2020 3:09:36 PM
10925 جار خوێندراوەتەوە
ئافەندی مەهاباد
+ -

ھیچکات بە مێشکی سەرکردەکانی سیاسی کورد، بەتایبەتی بارزانییەکاندا نەھاتبوو، کە رۆژێ دادێ وڵاتی ئیسرائیل پێگەی دوژمنە سەرەکییەکانی خۆی، یانی وڵاتانی عەرەبی لە دەست بدات و بە تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران لەو پێگەیەدا بمێنێتەوە و ئیسرائیل، "ھەرێمی کوردستان" بخاتە پەراوێزەوە، بۆ رازیکردنی ھاوپەیمانە نوێیەکانی لە ناوچەکەدا و سەرمایەگوزاری لەسەر وڵاتانی تر و حیزبەکانی تر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا بکات و پاڵپشتییەکانی خۆی بۆ بەراوردکردنی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد بۆ دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان بە پاڵپشتی و ھاوکاری بێکۆتایی ئیسرائیل و ئەمریکا وەلا بنێ.

 ئیسرائیل و کورد

بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی راگەیاندنی (عەرەب ئونلاین) کە بنکەی سەرەکی ئەو ناوەندە لە وڵاتی بەریتانیایە، (ئیبراھیم ئەلزوبێدی) نوسەری عەرەب بەو ناونیشانەی سەرەوە دەستی بە نوسینی وتارێک کردووە و دەڵێ؛ لە دوای گۆڕانکارییەکی مشتومڕھەڵگر و پڕ بایەخ، فرۆکەکانی ئیسرائیل بەشێوەیەکی ئازادانە بە ئاسمانی وڵاتانی عەرەبستانی سعودی، بەحرەین، میسر و سودان بەرزبوونەوە و بەمزوانەش بەسەر ئاسمانی عێراق و مۆریتانیا و مەغریبیشدا، دەفڕن. ھەروەک فرۆکەکانی ھێڵی ئاسمانی کۆمپانیا جیاوازەکانی ھێڵی فرۆکەوانی وڵاتانی جیھان بێ ھیچ کێشە و نیگەڕانی و دژایەتیکردن و سەرسوڕمانێک لە فرۆکەخانەی ئەبوزەبی پایتەختی میرنشینی وڵاتانی عەرەبی دەنیشنەوە.

ئیسرائیل ئیتر پێویستی بە چۆلەکە بچووکەکانی سەر تاقە دارێک نییە، ھەر لەبەر ئەوەشە بڕیاریداوە دەستبەرداری کارتی گوشاری دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان ببێت، کە بە ساڵانە دەیویست وەک چیرۆکی"ئەسپی تروادە" لەناو دڵی وڵاتانی ناوچەکەدا کەڵکی لێوەرگرێت. بەتایبەتی لەدوای ئەزموونی چەندین ساڵەی تاقیکردنەوە و ھەڵە دەرچوون، بۆی روونبووەتەوە بەرپرسانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان (یەکێتی و پارتی) نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو لە داھاتووشدا و بگرە دوای چەندین سەدەی تریش، شیاو و لێھاتوو و ھێژایی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیان نییە!

نوسەری ئەو وتارە ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەڵوێستی نوێی ئیسرائیل سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان، نە لەلایەن رۆژنامەنوسێکی عێراقییەوە نوسراوە و نە لەلایەن نوسەرێکی عەرەبەوە بەڵکو لەلایەن (یەھوود یەعرا)نوسەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئیسرائیلیەوە نوسراوە، کە پەیوەندی زۆر نزیک و کاریگەری لەسەر ناوەندەکانی بڕیاریدان لە ئیسرائیلدا بۆ ھەموو لایەک ئاشکرایە. (یەھوود یەعرا) بەشێوەیەکی ئاشکرا لە کەناڵی تیڤی (دوانزدە)ی ئیسرائیلدا ئاماژەی بەو خاڵە کردووە کە ئیسرائیل لە پشتیوانی و یارمەتی ستراتیژییەکانی لە گەلی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بەدرێژایی چەند سەدەی رابردوو پەشیمان بووەتەوە. (یەھوود یەعرا) گرنگترین ھۆکاری ئەو پشتیوانیانە دەگەڕێنێتەوە بۆ یارمەتی سەربازی و لۆجستیکی، ناردنی وەفدی راوێژکاری، تیمی پزشکی و پشتیوانی دیپلۆماسی و کڕینی نەوتی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی قاچاخ و نھێنی لە بازاڕەکانی جیھاندا.

ھەروەھا ئاماژە بەوەش دەکات، کە بۆ خۆی ساڵانێکی دوور و درێژە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی کورد پەیوەندی بەھێز و دۆستانەی نزیکی ھەبووە و بەردەوام خۆی وەک کەسێکی پاڵپشتیکاری خەباتی ئازادیخوازی کوردی پێناسە کردووە، بەڵام ئێستا لەدوای لێکۆڵینەوە و چاودێریکردنی بارودۆخی ئێستای کوردستان ئەوەمان بۆ ئاشکرا بووە، کە بەرپرسانی دەسەڵاتداری ھەرێمی کوردستان زۆر بە ئاسانی ئەو دەرفەتە زێڕینانەی کە بۆیان رەخساوە لەدەست دەدەن. 

بە گوتەی ئەو نوسەرە ئیسرائیلیە، ھەتا ئەگەر (جۆ بایدن)یش، ببێتە سەرۆککۆماری ئەمریکا، جارێکتر پێشنیاری رابردووی خۆی بۆ جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان لە دەوڵەتی عێراق ناخاتە بەرباسەوە. ھۆکاری ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ شکستی سەرکردە کوردەکانی باشوور لە دەست ھەڵنەگرتن لە ھەڵسوکەوتی چەوتی نەریتی باوی رابردوویان، لە بواری شەڕی ناوخۆیی و توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی ناوخۆی خۆیان و ھەوڵدان بۆ دۆزینەوەی ھاوپەیمانی لە دەرەوەی کوردەکان، مەبەست بوونە ھاوپەیمانی ئێران و تورکیە و ھەروەھا نووقمبوون لەناو گەندەڵیدا. چۆن ساڵانێکی زۆرە ئەو دوو حیزبە خەریکی سڕینەوە و پاکتاوکردنی یەکترین. بەرپرس و سەرکردەکانی ئەو دوو حیزبە (یەکێتی و پارتی) بە ساڵانە خەریکی سوکایەتی و جنێودان و پەراوێز خستنی یەکترین و ئێستاش ئەو شەڕەیان گواستووەتەوە بۆ ناو راگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و دیارە یەکێتی و پارتی ئەوەیان پێ باشترە.

لایەنگرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە شاری ھەولێر و دھۆک لەناو خۆیاندا کێشەیان ھەیە. بەرپرسانی بنەماڵەی تاڵەبانیش کە کۆنتڕۆڵی شاری سلێمانییان بەدەستە، لەدژی بنەماڵەی بارزانی دەجوڵێنەوە، ھەروەھا لە ناوخۆی یەکێتی و بنەماڵەی تاڵەبانیشدا کێشە و ناکۆکی زۆر ھەیە و لایەنگرانی ھاوسەری جەلال تاڵەبانیش لەگەڵ باڵەکانی تری ناوخۆی ئەو حیزبە لە شەڕی نەرم و بەردەوامدان. تەواویی ئەو ناکۆکییانە لەدوای ئەوە روویداوە کە ھێزەکانی پێشمەرگەی ئەو دوو حیزبە زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدوای شەڕی داعش و شکستی ئەو گروپە تیڕۆریستیە توانیان بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، بۆ نموونە شاری کەرکوک کە لە لەلایەن گەلی کورد بە قودسی کوردستان دەناسرێت، دووبارە لە دەست بدەنەوە و بەرپرسانی ھێزەکانی پێشمەرگەی یەکێتی بێ ھیچ ھەماھەنگییەک لەگەڵ بەرپرسانی ھێزەکانی بارزانی کە لە حاڵەتی شەڕ و بەرگری لە ناوچەکانی نزیک شاری کەرکوکدا بوون، لەو شارە کە بە شاری نەوت دەناسرێت پاشەکشەیان کرد. (یەھوود یەعرا)ھۆکاری ئەو شکستە دەگەڕێنێتەوە بۆ گوێ پێنەدانی دەسەڵاتدارانی کورد بە ئامۆژگاری و پێشنیاری ھەموو دۆستەکانی خۆیان لە سەرووی ھەموویانیش وڵاتی ئیسرائیل، سەبارەت بە ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوەی لە عێراق لە پاییزی ساڵی(٢٠١٧)دا. 


پڕۆسەی ریفراندۆم و بەشداری و چوونی جەماوەری ھەرێمی کوردستان بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بووە ھۆکاری ئەوەی کورد زۆربەی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لە چوارچێوەی جوگرافیای کوردستانی باشوور لەدەست بداتەوە و لەو کاتەشەوە ھەتا ئێستا بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان پرسی ئەنجامی ریفراندۆم بۆ جیابوونەوە لە عێراقیان بەتەواویی فەرامۆش کردووە.

شرۆڤەکار و چاودێری سیاسی ئیسرائیلی (یەھوود یەعرا) لە درێژەی بابەتەکەیدا، ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەر کەسێک پێیوایە کوردەکان دەتوانن یەکێتی و یەکگرتوویی لەناوخۆیاندا دروست بکەن، بەتەواویی لە ھەڵەدایە، چونکە ناکۆکی بەردەوام لەناو ھەموو ھێزە چەکدارە کوردەکاندا بوونی ھەیە و رۆژ لەدوای رۆژ ئەو ناکۆکییانە زیاتریش دەبن. بۆ نموونە بارزانییەکان پەیوەندی بەھێزیان لەگەڵ ئاکپارتی و ئەردۆغاندا ھەیە و تاڵەبانییەکانیش بەردەوام لەگەڵ ئێران لە پەیوەندی بەھێزدان و ھەردوو لایەنیش ھەوڵی پاراستنی پەیوەندییەکانیان ئەدەن لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیە. 

ئەوەی لەسەرەوە خوێندتانەوە کورتەی نوێترین ھەڵوێستی ئاشکرای دەوڵەتی ئیسرائیل بوو، سەبارەت بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، کە بۆ ھەموومان جێگای تێڕامان و سەرنجڕاکێشان بوو.

تێبینی: وەڕگێرانی وتارێکی 'ئیبراھیم ئەلزوبێدی' یە