سەردێڕ:

تکایە خوێندن بێ بەھا مەکەن

9/22/2020 11:50:35 AM
7511 جار خوێندراوەتەوە
د.کەریم ئەحمەد عەزیز
+ -

   چەند رۆژێکی تر وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکەونە ئاڵوگۆڕی دەرچواندن و وەرگرتنی خوێندکاران لە بەشە جیاوازەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان دیارە بەپێی نمرەی پێشبڕکێی خوێندکاران ھەموو بەشە زانستیەکان لە میچێکی نمرەی وەرگرتن خۆیان دەبیننەوە . بەجۆرێک ھەر بەشێک خواستی زیاتری لەسەر بێت کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن بەرزدەبێتەوە.

 ساڵانێکە بەھۆی جۆری تاقیکردنەوەکان کە گۆڕاوە بە تەواوی بووە بە ھەڵبژاردن نمرەی تەواو و بگرە بەسوودوەرگرتن لەو بیستویەک نمرەیەی کە ساڵانی پێشتر ھەبوو وەک مۆتیڤێک بۆ ئەو خوێندکارانەی لەخولی یەکەم دەردەچوون کۆی نمرەی خوێندکار دەچوە سەروو سەد لەسەد، ھەر بۆیە بەشە پزیشکیەکان بەپێی پارێزگاکان لە(۹۸%)کەمتریان وەرنەدەگرت بگرە ھەندێک ساڵ مەترسی وەرگرتنیش لەسەر ئەو نمرەیەش دروست دەبوو لای خوێندکاران. لەڕووی پێوەرەکانی پەروەردە و دەروونناسیەوە تاوەکو ئێرە جگە لە شێوازی تاقیکردنەوەکە کە ھەمووی ھەڵبژاردنە کە نەدەبوو بەو شێوازە بێت گرفتێکی ئەوتۆی نییە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئەم وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە خوێندکارێکی ماندوو و ھیلاکی پۆلی دوازدە لەبەر چەند پۆینتی نمرەیەک لەبەشێک وەرناگرن، کەچی لارینەبوون دەدەنە ھەمان خوێندکار بۆ دەرەوەی وڵات و وڵاتانی دراوسێ بۆ ھەمان بەش کە سەدان پۆینت و دەیان نمرەی کەمترە، ھەر بۆیە ئەمە دڵ و دەروونی خوێندکارە ھەژارەکان کە توانای مادیان نییە بچنە دەرەوەی وڵات و وڵاتانی دراوسێ مات وغەمگین کردوە، لەو لاشەوە کوڕ و کچی بەرپرس و سەرمایەدارکانیش بەکەمترین خۆماندوکردن و نمرەوە لەھەمان بەشی ھاوڕێکانیان وەردەگیرێن وەک خۆیان دەڵێن ھەم جەوگۆڕینە و ھەم خوێندنیشی کەمترە، ئەگەر ئەمە بۆ چەند زانکۆیەک ناحەقی بێت ئەوا بەدڵنییایەوە بۆ زۆرینە قسەیەکی حەق و ڕەوایە، ئەوەتا چەندین وێبسات و پەیج و واڵ و ئەکاونتی تایبەتی کەتونەتە ڕیکلامکردن بۆ زانکۆ و پەیمانگەکانی وڵاتانی دراوسێ کە بەشی پزیشکی گشتی بەنمرەی(٨٥%) و پزیشکیەکانی ددان و دەرمانسازی(۸٠%) بەشەکانی پەرستاری و تیشک و شیکار و سڕکردن(٦٠%)ھەبێت وەردەگیرێت لەباشترین زانکۆکانیان، دووبارەی ئەکەینەوە لەکاتێکدا لەھەرێم نمرەی شەست لەزانکۆکان وەرناگیرێت نەک لەو بەشە زانستیە بەرزانەی کە پێویستی کۆمەڵگە و بازاڕن.

بەڕێزان ئەوەی وایلێکردم پەنا بۆ نوسینی ئەم چەند دێڕە ببەم خەمی منداڵ و خوێندکاری ھەژارە، کە ساڵانە پاش دەرچوونی ڕێنماییەکان و خوێندنەوەیان فۆرمی وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ئەو چینەی خوێندکاران پڕدەکەمەوە، جگە لە ئەسەف ناتوانم ھیچی تری پێ بڵێم، چونکە نمرەیەکی باشی ھەیە و ئەو خواستویستەی کە ھەیەتی بۆی دەستەبەر ناکات، بە دوو خاڵ نەبێت یەکەم(خوێندن لە دەرەوەی وڵات) دووەم (خوێندن بە پاراڵێڵ) ھەردوو جۆرەکەی خوێندنیش بۆ ئەو خوێندکارە ماندوە دەست نادات لەبەرئەوەی دایک و باوکەکەی موچەیان نادرێتی بەدوومانگ جارێک بۆ بژێوی خۆیان، ئیدی چۆن بتوانێت دەستەبەری خوێندن بۆ کچ و کوڕەکەی فەراھەم بکات،  لەھەموو ئەوانەی باسکران ناڕەواترتان بۆ باس بکەم بە بەڵگەی نوێی ڕێبەری وەرگرتن بۆ ساڵی خوێندنی ۲٠۲٠-۲٠۲۱ ھەرچەندە ناتوانم کۆی بیست و ھەشت پەڕەکە بە بڕگە و خاڵەکانی بخەمەڕوو، بەڵام ئەم بڕگە و خاڵانەی خوارەوە بە باش و بەخراپی سەرنجی ڕاکێشام:
 
ڕێنماییەکانی وەرگرتنی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی ۲٠۲٠-۲٠۲۱ لەزانکۆ و پەیمانگەکان لە ھەرێمی کوردستان.
۱.  بڕگەی یەکەم/خاڵی سێیەم/ مافی بەشداری بۆ دەرچوانی خوولی یەکەم و دووەم بۆ پێشبڕکێ بە یەکسان دانراوە.

بڕگەیەکی باشە ، چونکە ساڵی پار (۸٠%)خوێندکاران لە خولی یەکەم دەچوونە پێشبڕکێ، لەکاتێکدا (۲٠%) دەمایەوە بۆ دەرچوانی خولی دووەم بۆ پێشبڕکێکردن لەسەر ئەو ژمارە کەمەی کورسی خوێندن، ئەمە لەکاتێکدایە ئێمە دەزانین نزیکەی نیوەی خوێندکاران لەپۆلی دوازدە بۆ باشترکردنی نمرەکانیان چەند بابەتێکیان دەھێڵنەوە خولی دووەم، گریمان بەشی پەروەردەی کیمیا ٥٠ خوێندکار وەردەگرێت ٤٠ خوێندکاری لە خولی یەکەم وەردەگرێت ڕەنگە بەپێی خواست چەند نمرەیەکی کەمتربێت بە بەراورد بە خولی دووەم کە ڕیژەیەکی کەمتر لە کورسی خوێندن ماوە و ژمارەیەکی زۆری خوێندکار.

  ۲. بڕگەی سێیەم/خاڵی یەکەم / بەشی زانستی بۆی ھەیە بەشێوەی ئارەزومەندانە بابەتەکانی (کوردی - عەرەبی) ھەژمار نەکات لەکاتی پێشکەشکردنی بۆ کۆلێج و بەشەکانی پزیشکی و ئەندازیاری و زانست.  

بەڕاستی ئەمە بێ ئەرزشکردنی ئەو دوو زمانەیە و لەخشتەبردنی بیروھۆشی خوێندکارانە، چونکە ئەوەی پۆلی دوازدەی ئێستا و شەشی ئامادەیی جارانی تەواوکردبێت دەزانێت ئەو دوو بابەتە خوێندن و سەعیکردنیان لە کیمیا و فیزیا گرانترە، ئیدی بۆچی ھەر لەسەرەتاوە گەنجەکەی پێوە سەرقاڵ دەکەن و کاتێکی زۆری بەفیڕۆئەدەن و دواجاریش بۆی حسێب ناکەن، من پێموایە ئەگەر لە داھاتودا بیشبێت بە دکتۆر پێویستیەتی ڕێزمان و ئەدەبی ئەو دوو زمانە بزانێت و دواجار ھەر لەگەڵ ھاوڵاتیانی ئەو دوو زمانە مامەڵە دەکات. 

۳. بڕگەی پێنجەم /خاڵی دووەم/ بۆ ئامادەییە پیشەییەکان سێ یەکەم لەسەر ئاستی خولی یەکەم و دووەم دەبێت بۆ وەرگرتنیان لە بەشە ھاوشێوەکانیان لەزانکۆ و پەیمانگەکان. خاڵێکی باشە لەبەرئەوەی خولی دووەمیش لێی سوودمەند دەبن. 
٤.بڕگەی حەوتەم /خاڵی شەشەم / سێ کورسی لە زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان بۆ پەیمانگە ئەھلیەکانی کۆمپیوتەر تەرخانکراوە.

بۆ ھەموو ئەو پەیمانگە ئەھلیانە سێ کورسی خوێندن زۆر کەمە، لەبەرئەوەی ئەگەر خوێندکارێک لەسەر ئاستی ئیدارە و پارێزگایەک یەکەم بێت ڕەنگە بێ بەش بێت، تەنھا لەبەرئەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیک لە ئیدارە و پارێزگاکەی نەبێت .
٥. بڕگەی سیازدەھەم/خاڵی یەکەم/ دەرەوەی پارێزگاکان ئەو شوێنانەی زانکۆی تایبەتیان تێدا نییە دەکرێ پاراڵێڵ (۱٠نمرە)کەمتر وەربگرێت. 

ئەمە ھەڕاجکردنەکەیە، لە گەرمیان و ڕاپەڕین و ھەڵەبجە زانکۆی تایبەت نییە کۆلێجی پزیشکی و ئەندازیاری تێدابێت، کەواتە پاراڵێڵ لەزانکۆی گەرمیان بۆ پزیشکی ئەگەر(۹۸%) کەمترین نمرەی وەرگیراوبێت، ئەوا خوێندکارەکانتان با ئەو بەشە بنووسن، چونکە نمرەی(۸۸%) وەردەگرێت، لەکاتێکدا لە پارێزگای سلێمانی پاراڵێڵیش بێت دەچنە پێشبڕکێەوە ڕەنگە دوو بۆ سێ نمرە کەمتر بێت. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کرێی خوێندنی بەشی پزیشکی لەھەر پارێزگایەک نرخێکە ئەوەتا لە سلێمانی (٥٠ ملیۆن بۆ خوێندکاری ناوشار و ٤٨ ملیۆن بۆ دەرەوەی شار) دانراوە لەھەولێری پزیشکی (٦٧ ملیۆن بۆ ناوشار و ٧٣ ملیۆن بۆ گشتییە) لە کۆیە (٤٧ بە ٤٩ ملیۆن)دانراوە و لە دھۆک (٣٧ ملیۆن بۆ خوێندکارانی پارێزگاکە و ٤٩ ملیۆن بۆ خوێندکارانی دەرەوەی پارێزگا) سەیر لەوەیە چەند ساڵێکی تر ڕەنگە باسی نمرە نەمێنێت بۆ وەرگرتن لەزانکۆ و پەیمانگە، لەبری ئەوە باس لە نرخی بەشەکان بکرێت بەچەند خوێندکار دەتوانێت بیکڕێت.

٦. بڕگەی سیازدەھەم/خاڵی دووەم/ خوێندنی پاراڵێڵ بۆ کۆلێجی پزیشکی تاوەکو ٣٥ ساڵ و کۆلێجەکانی تر تاوەکو ٤٠ ساڵ ئاساییە . واتە جگە لەو خەروارە نمرەیەی خاتریان گیراوە تەمەنیشیان بۆکەمکراوەتەوە.

ماوەتەوە لەکۆتاییدا بڵێین خوێندن و بڕوانامە ئاوا بڕوات کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت لەبری ئەوەی فەراھەم بکرێت.