سەردێڕ:

چیرۆکی دروستکراوی کاریزما

9/17/2020 1:50:38 PM
4541 جار خوێندراوەتەوە
کۆشش بەکر
+ -

ژمارەیەک بەناو نوسەر و ئەکادیمی و رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و سیاسی و ھتد، پەیدابوون، لە زەلکاوی چیرۆکی دروستکراودا دەژین و فەزایەکی گشتیشیان بۆ خوڵقاندووە، چیرۆکێک کە زادەی تێفکرین نییە، خەیاڵێکە کە ھێندە ناڕاستە گرێی دەروونی بۆ دروست کردون.

 لە نێو کلتوری ئێمەدا، ئەو کەسانەی کە وەک خۆیان، خۆیان پەسەندە، ژمارەیان زۆر نییە، بەتایبەت تر لە نێو سیاسییەکاندا، تا ئەم تێروانین و دنیابینیەش چەکەرە نەکات، کە "بە قەبارەی ھێندەی خۆت ،خۆتت پەسەند بێت و پەسەندت بکەن یان پەسەندیان بکەیت" ناچینە نێو بینینی شانۆگەرییە راستیەکەوە.

سەیری دۆخی ھەرێمی کوردستان بکەین، تەنھا بە وەرگرتنی نمونەی ئەو بەڵگانەی کە لە سەر بابەتی بەھەدەردانی سامانی گشتی، نادادی کۆمەڵایەتی، کوشتن، داگیرکردنی موڵک و ماڵ و قۆرخکاری لە لایەن سیاسییەکانەوە، بڵاوکراونەتەوە، دەردەکەوێت ئێمە چۆن بەڕێوەدەبرێین، دواتر ئەوان چۆن دەچنە نێو مێژوو.

دەتوانم بڵێم ئەمە لە رابردووش ھەروا بووە، ئەگەرنا ئێستا بەرھەمەکەمان دەچنییەوە!  تاکی کورد پێویستی بە دوو جار بیرکردنەوە ھەیە، بیرکردنەوەیەک لە نێوان ئێستا و رابردوودا، بیرکردنەوەیەکیش لە داھاتوو، ئەگەرنا لە نێو ئەم زەلکاوەدا رۆدەچین، رۆچونێک بە تەنھا خۆمان لەناو نابەین، بەڵکو لەگەڵیدا نەوەکانی داھاتووش پەلکێش دەکەین.

 تا ژیانمان لە نێو نەچووە پێویستمان بە دووبارە بونیادنانەوە ھەیە، ئەوەش بێ گۆڕانکاری ریشەیی روونادات، بەڵام کاتێک بەردەوام بەھەمان رێدا دێیت و دەڕۆیت، ناگەیتە ئامانجەکە. 

ئەبێت ئەو بڕوایەمان ھەبێت، مرۆڤ بە تەنھا خۆی رزگارکەری خۆیەتی و کەسی ترنا، تا لەنێو ئەو خەیاڵ و بیرکردنەوەیەدا بژین کە سیاسییەک دەبێتە فریادڕەست، تراژیدیا دروست دەبێت، وەک چۆن ئێستا دروست بووە.

 ھەلومەرج و دۆخی ئێستا زۆر لەبارە تا بتوانین بڕیار بدەین، چونکە بڕیاردان بەشێکی کارە گرنگەکەیە، کە دەبێت بیکەین، بڕیار بدەین "چەپڵە لێدەر، ئاگر خۆشکەر، بەتەنھا گوێڕایەڵ، خۆشباوەڕ، تەماشاکەر، کینە لەدڵ، لە ئاست نادادی کۆمەڵایەتی بێدەنگ و بێ ھەڵوێست" نەبین، ھتد.

ئەو باوەڕەی کە دەوترێت، "دەست بە کڵاوەکەتەوە بگرە، تاوەکو با نەیبات" زیانی زۆری پێ گەیاندین، دۆخێکی دروست کرد کە بە ھەرچی ھەبێ یان بدرێتێ، ڕازی ببین، تاک لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرک و کاردا مافی شایستەی خۆی وەرنەگرێت و ڕەزامەنیش بێت.

 خەڵکێک لە پاڵ " ژمارەیەک کاریزمای دروستکراوی سیاسی"دا، موڵک و ماڵێکی زۆریان بە ناڕەوا دەست کەوت، زۆر دەستکەوتی باشیان ھەبوو، لە بەرامبەردا زۆرینە بوونە قوربانی.

کاتی ئەوە ھاتووە ئەو خەڵکانەی لە ژێر ھەر ناو و بیانوویەکدا ئەو ئاگرە خۆش دەکەن بۆ بەرژەوەندی تایبەتییان، ڕابگیرێن، پێیان بڵێین ئیتر بەسە، چیتر کۆمەڵگە مەکەنە قوربانی ھەڵە و چاوچنۆکییەکانتان، بەڵام لە ھەرکاتێکدا گوتنی ڕاستی ڕاستە، گرنگ دواکەوتن نییە، گرنگ وتنی راستییەکانە.