سەردێڕ:

ریفراندۆم رۆژێکی مێژوویی و دەرفەتێک بۆ ئاشتی نیشتمانی

9/24/2020 8:38:03 AM
5336 جار خوێندراوەتەوە
نەزهەت ‌حالی
+ -

لە ساڵڕۆژی ئەنجامدانی گشت پرسی(ڕیفڕاندۆم) نزیک دەبینەوە، ئەو گشت پرسییە ڕووداوێکی گرنگ بوو لە مێژووی گەلی کوردستان و عێڕاق بە تایبەتی و ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، پڕۆسەیەکی تەواو دیموکراسی و‌حەقخوازانە بوو، بەڵام بەبێ پشتگیری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ڕووبەڕووی دژایەتی کردنێکی توندی فەرمانڕەوایانی عێڕاق و وڵاتانی درواسێ بووەوە.

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سەرەڕای ناڕازیبوون و تێبێنی ھەندێ کەس لە ناوخۆی کوردستان  لەسەر کات و مەترسی لێکەوتەکانی، پاڵپشتی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی وەدەست ھێنا.

لێرەدا نامەوێت باس لە ڕاستی و دروستی یان ھەڵە بوونی بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکەم، بێگوومان ھەموو کار و ڕووداوێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی ھەیە، ئەرکی  نووسەر و ئاکادیمی و لێکۆلەرەوەکانە بە ڕەچاوکردنی میتۆدی زانستی و بە بابەتیانە لە سەر ئەو جۆرە ڕووداوە گرنگ و مێژوویانە بنوسن، بۆ ئەوەی لە داھاتوودا وانە لە بابەتەکانیان وەربگیرێت و ھەموو لایەنە شاراوە و ئاشکراکان بکەونە بەر دید و ھزر و قەڵەمە ئاکادیمیەکان و شرۆڤەیان بۆ بکرێت.

مافی خۆمانە وەکو گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان دەوڵەتی خۆمان ھەبێت،ئەو شۆڕشگێر و سیاسەتەمەدارانەی کە ساڵانێک لە مەیدانی خەبات و کاری سیاسی بوون سەرەڕای تێبینی جیاواز لەسەر ئەدا و کاریان، بەڵام توانیوویانە دەستکەوتی گەورە بۆ گەلی خۆیان وەدەست بھێنن، ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیش بە مەزندەی ھەندێ لەوان دەرفەت و ھەوڵێک بووە بۆ وەدەست ھێانی دەستکەوتی زیاتر بۆ گەلەکەیان، ھەربۆیە پێم وایە نابێت لە ڕێز و خەباتی ئەوان کەم بکرێتەوە و دەکرێت لە سەر شیوازی کار و بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان ڕەخنەیان لێ بگیرێت، ھەروەھا پێم وایە گونجاو نیە بۆ ئەوان و لایەنگیر و ھەوادارانیان لەبەر ئەو خەباتەیان منەت بە سەر خەلکی خۆیانەوە بکەن، چونکە خەبات بۆ ڕزگاری نەتەوە ئەرکێکی سەرشانیان بووە و دەسکەوتەکان بە خوێن و قوربانیدانی زۆر کەس بووە و ئەو سیاسەتمەدارانەش سەرەڕای ماندوو بونیان لە پێگەی بەرز وناوبانگی نێوخۆی و جیھانییش بەھرەمەند بوون.

مەبەستی سەرەکی لەم نووسینە ئەوەیە کە لایەنگیرانی ڕیفراندۆم و ئەوانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوون گرنگە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو ڕوداوە ببینن و تەنیا لە یەک لایەنەوە سەیری ئەو ڕووداوە و ڕووداوەکانی داھاتووش نەکەن و دژایەتی یەکتری نەکەن، پێویستە مەترسییەکانی دژایەتی کردنی یەکتر ببینین کە بەداخەوە بووەتە ھۆکاری ئەوەی کە ژمارەیەک ھاووڵاتی بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان بۆ ھەرێم و دامەزراوە فەرمییەکانی دەرببڕن، ئەو دامەزراوانە لە بەرپرس و بەڕێوبەرەکانیان گەورەترن، دامەزراوەکانن کە پێگەی فەرمی و دەسەڵاتی یاسایی و فەرمی بە بەرپرسەکان دەبەخشن.

 دامەزراوەکان موڵکی گشتین، بەرپرسەکان نوێنەرانی گەلن و بۆ خزمەتی گەل و نیشتمانن و دێن و دەڕۆن، بەڵام دامەزراوەکان ھەمیشەین و دەمێنن. لە بیریشمان نەچێت کەسانی زۆر دڵسۆز وەکو سەربازی ون ھەر لە دوایی دامەزراندنی پەڕلەمانی کوردستان و ‌حکومەتی ھەرێم پیشمەرگەئاسا کاریان بۆ دروست کردن و پەرەپێدانی دامەزراوە گشتییە ‌حکومییەکان کردووە، قوربانی زۆریش دراوە بۆ ئەوەی خاوەنی ئەو دامەزراوانە وحوکمڕانییە کوردییە بین .

سەرەڕای لێکەوتە ناخۆش وناخ ھەژێنەکانی ڕیفڕاندۆم بەڵام دەنگدان بە بەلێ بۆ سەربەخۆی لە ڕیفڕاندۆم دەنگ ھەڵبڕینێکی کوردانە و مەردانە بوو، نابێت لە نرخی کەم بکەینەوە، پێم وایە دەبێت بە ڕۆژێکی مێژوویی و نەتەوەیی مەزنی بزانین، خۆزگە دەخوازم ببێتە دەستپێکێک و ڕۆژێک بۆ ئاشتی نیشتمانی، ھەموو کەس و لایەنێک پەیامی لێبوردەیی و برایەتی و ھاوونەتەوەیی بوون و ھاوو نیشتمانی بوون بڵاوبکەنەوە، ئیتر بەسە بە ڕق و کینی سیاسی لە یەکتر ڕووانین و لەگەڵ یەکتری ھەڵسوکەت کردن.

کێشە و گرفتەکانمان زۆرن، بەڵام ڕێگە و توانای چارەسەر کردنیش لەبەر دەستن. چارەسەری کێشەکانی ئێمە بەر لەوەی لە بەغدا و پایتەختەکانی تربن لە ھەولێری پایتەختە، چارەسەر لە دامەزراوە فەرمییە باڵاکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و ‌حکومەت و پەرلەمان و دامەزراوەی باڵای دادوەرییە، دەبێت وەکو دەوڵەت بیر بکەینەوە و ڕەفتار بکەین و ئامانجەکانمان دیار بکەین ،بۆ ئەوەی بە ھێز بین و نەتەوە و دەوڵەتانیش ڕێزمان بگرن، بەداخەوە ئامانجەکانمان ھێشتا بۆ ھەمووان ڕوون نین، ڕوانگەی حزبی و کەسی بەسەر ڕوانگە و کاری دەوڵەتی و حکومی باڵ زاڵە.

دەرفەتەکان دێنە پێش، ھیوادارم ھیج دەرفەتێک لە دەست نەدەین، لە بەر ئەوەی ھونەری سیاسەتکردن زیاتر لەوەی ھونەری ڕەخساندنی دەرفەتەکان بێت ھونەری سوود وەرگرتنە لەو دەرفەتانەی کە دێنە پێش.

لە ڕووی سیاسی و ستڕاتیجییەوە ھەمیشە دەبێت ئامانجەکان و تواناکان ھاووتەریب و گونجاو بن، ئالنگارییە نێوخۆیی و دەرەکییەکان لەبەرچاو بگیرێن و بە دوور لە عاتیفە و بە لەبەرچاو گرتنی سیاسەتێکی واقعبینانە وبە تێگەیشتنێکی دروست لە سیستمی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی وڵاتان بۆ گەیشتن بە ئامانجە نیشتمانییەکان ھەنگاو بھاوێژرێت، ئەوەش بە بێ ھەبوونی دامەزراوە نیشتمانییەکان و کەسانی خودان شیان و شیاو و دلسۆز و پابەند جێبەجێ نابێت.