سەردێڕ:

سانسۆری پێشوەخت گەڕێنرایەوە

9/25/2020 5:03:38 PM
3022 جار خوێندراوەتەوە
کامیل عومەر
+ -

بەپێی  فەرمانێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری، لەمەودوا بەر لە چاپکردنی کتێب، دەبێت لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە ھەڵبسەنگێنرێت، ئینجا ژمارەی سپاردنی پێ بدرێت و چاپ و بڵاوبکرێتەوە.

لەسەردەمی حکومڕانی ڕژێمی بەعسدا،  لیژنەیەکی چاودێری پێکھاتوو لە وەزارەتەکانی راگەیاندن و رۆشبیری، چاودێری و سانسۆری پێشوەختی بەسەر کتێب و بڵاوکراوە و دەقە شانۆیێەکاندا جێبەجێدەکرد و ئینجا ژمارەی سپاردن و ڕەزامەندی بڵاوکردنەوەی پێدەبەخشین. ئەم فەرمانەی وەزارەتی ڕۆشبیری ھەرێمی کوردستانیش، ھەمان سانسۆری پێشوەختەیە کە بڕیاری دروستکرنەوە و گەڕێنراوەی دراوە.

یەکێک لە کارە باشەکانی حکومەتی ھەرێم لەدوای ڕاپەڕینەوە، لابردن و ڕەتکردنەوەی سیستمی چاودێری پێشوەختە بوو (کەسیستمی مۆڵەتپێدان)یشی پێدەوترێت و لەجێی ئەو سیستمی ئاگادارکردنەوەی لەیاساکاندا جێگیرکرد، بۆ نموونە بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەیەک یان چاپکردنێکی کتێب تەنھا لایەنی پەیوەندیداری ڕۆشنبیری و سەندیکای رۆژنامەنوسان ئاگاداردەکرایەوە و بەس، واتە ئەو کەس و لایەنەی ئەو ڕۆژنامە یان کتێبەیان دەردەکرد، چاوەڕێی مۆڵەتپێدان و پێنەدان نەبوون، تەنھا لایەنی پەیوەندیداریان لە دەرکردن و چاپکردنی ئاگاداردەکردەوە.

ئەم فەرمانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە بە پاساوی  ( بەرژەوەندیباڵای نەتەوەیی و نیشتیمانی و پاراستنی بەھا پیرۆزەکان)، ھەمان ئەو پاساوەیە کە رژێمی بەعس دەیکردە پاساویی ئەو یاساو بڕیارانەی کە ئازادی ڕادەربڕییان دەمکوت و سەرکوت دەکرد، لەکاتێکدا دەسەواژەکانی (بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی، پاراستنی بەھا پیرۆزەکان)، دەستەواژەی لاستیکین و دەکرێ زۆر دەربڕین و بۆچون ھەیە بخرێتە نێو ئەم چوارچێوەیەو دەسەڵاتداران چۆنیان بوێت بەو شێوەیە بیکشێنن و ڕێگری لە بڵاوکرنەوە و چاپکردن پێبکەن.

ئامانج و مەبەستەکانی ئەم فەرمانە ھەرچیەک بێت، ھەنگاوێکی مەترسیدارە و گێڕانەوەی سیستمی چاودێری و سانسۆری پێشوەختە و لەگەڵ ئەو پەراوێزە دیموکراسیەتەدا  یەکناگرێتەوە کە حکومەتی ھەرێم بانگەشەی بۆ دەکات و تەنھا لە وڵاتە تۆلیتار و دیکتاتۆرەکاندا پەیڕەو دەکرێت.

لەگەڵئەوەشدا، گەر ئەم فەرمانە بۆ ھەڵسەنگاندنی ئێتیکیانە و یاساییانە بۆ کتێب کە ڕێنەدرێت ناوڕاندن و جنێودان بەرامبەر ھەر کەس و لایەنێک ئەنجامبدرێت و ڕەخنەی بابەتی بگیرێت و دەستەواژەی گونجاو بەکاربھێنرێت، ھەروەھا بۆ چاککردنی جۆرێتی لەڕووی ناوەرۆک و زمانی نوسین بێت، ئەوا تەواو دروست و بەجێیە، بەڵام ئایا لەم وڵاتەی ئێمەدا کە ھەموو شتێک بەسیاسی کراوە، ئەم ھەنگاوەش خراپ و تەنھا بۆ سانسۆرکردن بەکارناھێنرێت؟