سەردێڕ:

بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق

8/5/2020 11:24:24 PM
5074 جار خوێندراوەتەوە
هەڵمەت غەریب
+ -

لە سیستەمی سیاسیدا بۆ چارەسەرکردنی ململانێ سیاسییەکان و سفرکردنەوەیان، وەکو چارەیەک پەنا بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەبرێت. بەتایبەت ئەو کاتەی کە ناکۆکی دەکەوێتە نێوان سەرۆکی دەوڵەت و پەرلەمان،‌ زۆرجار سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار پێکەوە،‌ پەنا دەبەنە بەر ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و راگەیاندنی ھەڵبژاردنێک، پێش وادەی دیاریکراوی خۆی کە یاسای ھەڵبژاردنەکان و دەستوور دیاریکردوە.

ھەرچی تایبەت بێت بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا، دەتوانین بڵێین ئەمە یەکەم تاقیکردنەوەیە کە لە پڕۆسەی سیاسی عێراقدا بڕیاری لێدراوە. لە دوای ٢٠٠٦وە، یەکەمجارە ناکۆکییە سیاسیەکان دەگاتە ئەو رادەیەی کەوا پەنا بۆ ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت ببرێت. ئەگەر چاوێک بە یاسای ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ و دەستووری ھەمیشەیی عێراقدا بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت یاسا و یاسادانەری دەستووری، بابەتی ھەڵبژاردنی پێشوەختەیان رێکنەخستووە.‌ واتە ھیچ جیاوازیەکیان لە نێوان ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەڵبژاردنی کاتی ئاسایی نەکردووە. بۆیە دەبینین زۆرترین ناکۆکی و بیروبۆچوون لەسەر کاتی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییە چاوەڕوانکراوەکەی عێراق دروستبووە.‌ لێرەدا تیشک دەخەینە سەر ھەڵبژاردنی پێشوەخت، وەک چارەسەرێک بۆ دەرچوون لەو قەیرانە قوڵەی کە تووشی پڕۆسەی سیاسی بووە و،‌ ئەوەش روون دەکەینەوە کە ئایا ئەم ھەڵبژاردنە دەبێتە فریادڕەسی عێراقییەکان و کۆتایی بە گرفتەکان دێنێت یاخود، بە ‌فۆرمی نوێی سیاسی دووبارە دەبێتەوە؟ ھەروەھا ‌تیشک دەخەینە سەر گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم ئەو ھەڵبژاردنە.

ھەڵبژاردن کێشەیە یان چارەسەر

ھەڵبژاردنێکی نوێی پێش وادەی یاسایی خۆی، یەکێک بوو لە داخوازی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەکانی عێراق کە لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ دەستی پێکرد. خۆپیشاندەران پێیانوابوو کە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی سیاسی لە عێراقدا، پیویستە ئەو سیستەمە ھەڵبژاردنە ھەڵبوەشێتەوە کە ئەم پەرلەمانە “بێدەسەڵاتە”‌ی بەرھەمھێناوە کە ناتوانێت لەدەرەوەی ئەجیندای حزبی وسیاسی، ھیچ پڕۆژەیەکی نیشتمانیی ھەبێت، بەڵام بیریان چوو کە ھەڵبژاردن ناتوانێت پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە نیشتمانی بکات. بۆیە ھەردوو سەرۆک وەزیرانی راسپێرداوی شکستخواردوو (زورفی وعەلاوی) بەڵێنی ئەوەیان دابوو کە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە پێشینەی کارەکانی کابینەکەیان بێت ئەگەر متمانە بەدەست بێنن، بەڵام ھیچیان نەیانتوانی ئەو متمانەیە بەدەست بێنن. مستەفا کازمیش کە ئێستا سەرۆک وەزیرانە،‌ یەکێک لە بەرنامەکانی کاری کابینە کاتیەکەی، وەکو ئەنجامدان و سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و پێشوەختی دوور لە دەستوەردانی بیانی و ھەرێمی دانابوو. کازمی لە ژێر فشاری خۆپیشاندەران و شەقامی ناڕازیی عێراقی وادەی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی دیاریکرد بەڵام، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ھەڵبژاردنێکی نوێ چی لە بابەتەکە دەگۆڕێت؟ بەڕای من، ھەڵبژاردنەکان ناتوانێ وڵات لە قەیرانە قوڵەکانی رزگار بکات، چونکە ھەڵبژاردنەکە لە باشترین شێوەیدا، لە ھەڵبژاردنی رابردوو پاکتر نابێت. ئەمەش بریتیە لە دووبارەبوونەوەی ھەمان رێبازی سیاسەتکردن بەڵام، بەڕێگایەکی تۆزێک جیاوازتر!

گرفتە سەرەکییەکانی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکە

لە راستیدا دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردنەکە زۆر دوور نییە لە کاتی یاسایی خۆی کە مانگی ٥ی ٢٠٢٢ە. واتە تەنھا ١١ مانگ ھەڵبژاردنەکە پێش دەخرێت بەڵام، ئەم ھەڵبژاردنە چوار رێگری گەورەی لەبەردەمدایە کە ئەنجامدانی لەو وادەیەدا ئەستەم دەکات. ئەوانیش بریتین لە:

١-تەواونەکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان: یەکێک لە گرنگترین بەربەستەکانی بەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت،‌ تەواونەکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان و یەکلایی نەبوونەوەی ئەو ناکۆکییە قوڵە سیاسیەیە کە لەبارەی بازنەی ھەڵبژاردنەکان لە ئارادایە. ئەم بابەتە بۆ گفتوگۆی لایەنەکان و گەیشتن بە رێکەوتنێک بۆ تەواوکردنی یاساکە جێھێڵراوە، چونکە دوو بیروبۆچوون لەبارەی بازنەی ھەڵبژاردن ھەن کە یەکیان داوای فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان دەکات و  ئەوی دیکەشیان لەسەر ئاستی نیشتمانی داوای فرە بازنەیی دەکات، واتە ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن بێت. بەبێ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییە، ئەستەمە حکومەت بتوانێت لەو وادەیەی کە دیاریی کردووە ھەڵبژاردن بکات.

٢-ھەڵوەشانەوەی پەرلەمان: یەکێکی دیکە لە بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردن، ھەڵسوکەوتکردنە لەگەڵ پەرلەمانی ئێستا. بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت، پێوستە ئەم پەرلەمانەی ئێستا ھەڵبوەشێتەوە و لەماوەی ٦٠ رۆژدا کاتی ھەڵبژاردنەکان دیاریبکرێت، بەڵام لەئێستادا ناکۆکییەکی توند لە ‌نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان بەگشتی و خودی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران بە تایبەتی لەگەڵ سەرۆک وەزیراندا ھەیە لەبارەی شێوازی دیاریکردنی کاتی ھەڵبژاردنەکان. محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە، رێگای دەستووری بۆھەڵبژاردن، بریتیە لە ماددەی ٦٤ی دەستوور، بەڵام سەرۆک وەزیران بە پشتبەستن بە ماددەی (٧/٢)ی یاسای ھەڵبژاردنەکان، کاتی ھەڵبژاردنەکەی دیاریکردووە.‌ ئەمەش ناکۆکییەکانی قوڵترکردۆتەوە کە بوەتە رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی ھەڵبژاردن. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە زۆرێک لە ئەندامانی پەرلەمان دژی ھەڵوەشاندنەوەی پەر‌لەمانن چونکە،‌ ترسیان ھەیە لە بەدەستھێنانەوەی کورسیەکەی خۆیان لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا. بۆیە ھەتا پێیان بکرێت، بەربەست دروست دەکەن تا ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا نەکرێت و ئەم خولەی خۆیان تەواو بکەن. ئەوەی لێرەدا گرنگە بگوترێت، ئەوەیە کە پاش پەسەندکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان، دەکرێت سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران پێکەوە پەر‌لەمان ھەڵبوەشێننەوە و، کاتی ھەڵبژاردنەکە یەکلایی بکەنەوە.‌ بەڵام بەبێ یەکلایکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان، ئەستەمە پەرلەمان ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنیش بکرێت.

٣-تەواو کردنی شەرعیەتی دادگای فیدڕاڵی یاخود دەرکردنی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی: دادگای باڵای فیدڕاڵی تاکە لایەنە کە بەپێی دەستوور تایبەتە بە پەسەندکردنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان. بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئەم دادگایەی ئێستا بەپێی دەستوور دروست نەبووە. بەڵکو پێش نوسینەوەی دەستوور،‌ لەڕێگەی دەرکردنی سیستەمێک لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەری عێراقەوە لە ساڵی ٢٠٠٤دا دروستبووە. بۆیە پێویست بوو یاسایەکی نوێ بۆ دادگای فیدڕاڵی دەربکرێت کە پێکھاتە و تایبەتمەندییەکانی لە دەستووردا دیاریکراوە.‌ بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە بەھۆی ململانێی نێوان ھێزە سیاسیەکان دەرنەچووە و دادگاکە وەک خۆی ماوەتەوە. ھەڵبەت ئەم دادگایە گرفتێکی دیکەیشی بۆ دروست بووە کە ئەویش خانەنشین بوونی یەکێک لە ئەندامانی دادگاکەیە کە تا ئێستا جێگاکەی پڕنەکراوەتەوە.‌ ئەمەش کێشەی شەرعی بوون یان نەبوونی بۆ دادگاکە دروست کردوە.

٤-گرفتی تەکنیکی : سەرەڕای ھەبوونی چەندین بەربەستی جەوھەری کە ئاماژەمان بە ھەندێکیان کرد، ھەندێک بەربەستی تەکنیکیش لەبەردەم ئەو ھەڵبژاردنەدا ھەن کە گرنگترینیان بریتیە لە دابینکردنی بودجەی ھەڵبژاردنەکان. ئەمە لەکاتێکدایە کە عێراق بە قەیرانێکی قوڵی ئابووریدا گوزەر دەکات کە تەنانەت توانای دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانیشی نییە دەیەوێ لەڕێگەی یاسای قەرزی گشتییەوە روبەڕوی ئەو قەیرانە ببێتەوە.‌ ئەمە سەرەڕ‌ای بڵاوبوونەوەیەکی خراپی پەتای کۆرۆنا لەسەرتاسەری عێراق و خەرجکردنی بودجەکی زەبەلاح بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو پەتایە. ھەروەھا گرفتەکانی کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانیش لە ھەردوو رووی لۆجستی و مرۆییەوە ھەن کە تا ئێستا چارەسەرنەکراون.‌

ئەو کۆمسیۆنە تا ئێستا متمانەی پەر‌لەمانی وەرنەگرتوە و ھەیکەلی کۆمسیۆنەکەش رێکنەخراوە.‌ ئەمە سەرباری ئەوەی کە پێوستی بە ژمارەیەکی زۆری کارمەند بۆ راھێنان و شارەزابوون لەسەر ھەڵبژاردنەکە ھەیە.‌ چونکە بە پێی یاساکە ‌بێت، ھەڵبژاردنێکی جیاوازە و پێوستی بە ‌راھێنانی کارمەند ھەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی ھەڵبژاردنەکە.

کورد وەک تەماشاکەر

تا ئێستا کورد و سەرکردایەتییەکەی کە خۆی لە دامەزراوەکانیدا دەبینێتەوە،‌ ھیچ قسەیەکی لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەخت نەکردووە.‌ ئەمەش مانای وایە کە گرفتێکی ئەوتۆی نیە ئەگەر ھەڵبژاردن پێش بخرێت یان لەکاتی خۆیدا بکرێت. ئەوەی بە ‌نیسبەت ھێزە سیاسیەکانی کوردستانەوە گرنگە،‌ یەکلاییکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکانە بەگشتی و دیاریکردنی بازنەی ھەڵبژاردنەکانە. پێناچێت ھەردوو ھێزە سیاسیە سەرەکیەکەی ھەرێم (پارتی و یەکێتی) حەز بە فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بکەن. بۆیە بەلایانەوە گرنگە ئەوە یەکلایبکەنەوە نەک مەسەلەی پێشخستن و پاشخستنی ھەڵبژاردنەکان. خاڵێکی دیکەی جێگەی بایەخی کورد،‌ ھەرچەندە تا ئێستا کەمتەرخەمییان لێ کردووە، مەسەلەی یەکلایکردنەوەی باری ناھەموار و نائاسایی ناوچە جێناکۆکییەکانە. ئەو ناوچانە ئێستا ‌لەبەردەم سڕینەوەیەکی لەسەرخۆی دیموگرافیدان.‌ بۆیە پێویستە بەر لە ھەڵبژاردن کۆتایی بەو بارودۆخە بھێنرێت کە لەو ناوچانەدا ھەن.‌ بۆئەوەی زۆرترین کورد بەشداری لەھەڵبژاردنەکەدا بکەن و ئاوارەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و دەسەڵاتی شارەکانیش تەسلیم بە دەسەڵاتی مەدەنی بکرێت و باری سەربازی لەو ناوچانە کۆتایی پێبھێنریت. چونکە ئەگەر بارەکە بەردەوام بێت، پێگەی کورد لاوازتر دەبێت و دووریش نییە ئەو پێگەیە بکرێتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ئایندەدا کە بێگومان ئەوەش بە زیانی کورد دەشکێتەوە. گرنگیشە پارتی و یەکێتی بەر لە ھەڵبژاردن گرفتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی بکەنەوە، تا کاریگەرییەکی ئەرێنیی لەسەر ھەڵبژاردنەکان ھەبێت.