سەردێڕ:

ئایا بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا ھیچ مەترسیەکی ھەیە؟

12/2/2020 10:26:42 AM
5355 جار خوێندراوەتەوە
د. عارف گۆران
+ -

لە چەند ھەفتەی رابردوودا چەند کۆمپانیاو ناوەندێکی زانستی ئەنجامی دوا قۆناغی لێکۆلینەوەکانیان دەربارەی دۆزینەوەی ڤاکسینی کۆڕۆنا راگەیاند، ئاماژەیان بەوە کرد، کە ڤاکسینەکانیان بەڕێژەیەکی زۆرباش سەرکەوتوو بووە بۆ درووست کردنی بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە . بڕیار وایە لە ماوەی چەند ھەفتەی داھاتوو بەشێک لە وولاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ئەو ڤاکسینانە بەکاربھێنن و ژماریەک لە ھاوڵاتیانیان بکوتن. لەو نەخۆشخانەی کاری تێدادەکەم ھەفتەی ڕابردوو بە شێوەیەکی فەرمی ئاگادار کراینەوە، کە پێویستە ئێمەش خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی نەخۆشخانەکەمان وەک بنکەیەکی کوتان بەکاربێنین، لەو باوەڕەدام پێش کۆتایی ھاتنی ئەمسال، ھەندێک خەلک ئەو ڤاکسینە وەردەگرن، وا چاوەران دەکرێت لە سەرەتای سالی داھاتوو بە رێژەیەکی یەکجار زۆر ئەو ڤاکسینە بەکاربھێنرێت.
لەو ماوەیەیەدا کۆمەلێک پرسیار دەربارەی ئەو ڤاکسینە وروژێنراوە، لێرەدا ھەوڵدەدەم وەڵامی ئەو پرسیارانە بە چەند خاڵێک روونبکەمەوە:

١-ئایا ڤاکسینی کۆرۆنا سەلامەتە؟ 

کۆمەلێک ھەوال و ڤیدیۆی نازانستی لە سۆشیال میدیاکاندا بلاوبۆتەوە ، کە باس لە مەترسیەکانی ئەو ڤاکسینانە دەکەن ، ھەندیک لەو ھەوالانە باسی ئەوە دەکەن، کە ئەو ڤاکسینە کاریگەری لەسەر جینەکانی مرۆڤ دەبێت و مەترسی دەکەوێتە ژیانی ئەو کەسانەی کە ڤاکسینەکە وەردەگرن! ئێمە دەزانین ئەو ڤاکسینانەی تاکو ئێستا ئەنجامی لئکۆلینەوەکانیان وەک سەرکەوتوو راگەیانراوە، بە کۆمەلێک قۆناغ تێپەریون و لە دوا قۆناغیاندا ، کە قۆناغی سێیەمە لەسەر ھەزاران خەلک تاقیکراونەتەوە. ھاوکات ئەم ڤاکسینانە لە ژێر چاودێریەکی ووردی زانستی بەرھەم ھێنراون و ھەموو ئەو رێکارانەی پەیوەستە بە سەلامەتی ئەو ڤاکسینە لەلایەن ناوەندە زانستیەکانەوە پەیڕەو کراوە، کە بە ھیچ شێوەیەک ناکەونە ژێر کاریگەری سیاسیەوە. راستە بە بەراورد بە ڤاکسینەکانی رابردوو ئەم ڤاکسینە زۆر بە خێرایی بەرھەم ھێنراوە ، دیارە زۆر ھۆکاریش بۆ ئەمە ھەیە، بەشێکی پەیوەندی بە پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاو زانستەوە ھەیە، بەشەکەی تریشی دەگەڕیتەوە بۆ پێویستیە خێراکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بۆ ئەو ڤاکسینە ، چونکە مرۆڤایەتی رووبەڕووی پەتایەکی زۆر کوشندە بۆتەوە و ژیانی لە سەرانسەری جیھان خستۆتە مەترسیەوە . 
دیارە ئەم ڤاکسینە وەک ھەر ڤاکسینێکی تر بۆی ھەیە ھەندێک نیشانەی لاوەکی لێبکەوێتەوە ، وەک ئازارو سووکە تایەک ، بەلام ئەوە شتێکی کاتیەو ھیچ مەترسیەکی لەسەر ژیانی نەخۆش نابێت . ژماریەکی زۆر لەوانەی ئەو ڤاکسینەیان لەسەر تاقیکراوەتەوە تا ئێستا ھیچ کێشەیەکیان بۆ درووست نەبووە . ئەگەر لەسەر ملوێنان کەسیش تاقیبکرێتەوە پڕۆسەی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ دەرھاویشتەکانی ئەو ڤاکسینە ھەر بەردەوام دەبێت، بۆیە بڕوامان وایە لە ئایندەیدا ھیچ کێشەکی جدی دروست ناکات.

٢- ئایا ئەو ڤاکسینە بۆ کێ زۆر پێویستە؟ 

ئەم ڤاکسینە بۆ ھەموو ئەو کەسانە پێویستە، کە ئەگەرێکی زۆریان ھەیە تووشی ئەو پەتایە بن و مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بکات، بۆ نموونە ئەگەر ھەر کەسێک لە سەرووی ٦٥ ساڵیەوە بێت، تەنانەت ئەگەر ھیچ نەخۆشیەکیشی نەبێت، پێویستە ئەو ڤاکسینە وەرگرێت، ھەروەھا ھەندێک کەس تەمەنیشیان کەمە، بەڵام بەھۆی ئەوەی ھەندێک نەخۆشیان ھەیە دەبێت ڤاکسینەکە وەربگرن وەک تووشبووانی نەخۆشی شەکرە، نەخۆشیەکانی دڵ و ئەوانەی پەستانی خوێنیان بەرزە، ئەوانەی بۆڕیەکانی ھەناسەو سیەکانیان دووچاری ھەوکردنی درێژخایەن بووە، ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان ھەیە، بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر چارەسەری کیمیاویدان، بەشێک لە تووشبووانی رۆماتیزم، کە ھەندێک جۆری دەرمانی تایبەت بەکاردەھێنن، کە بەرگری لەش کەمدەکاتەوە، ھاوکات ئەو کەسانەی بەرێژەیەکی بەرچاو قەڵەون. جگە لەوانەی باسمان کرد ھەموو کەسێک بۆ پاراستنی خۆی دەتوانێت ئەو ڤاکسینە وەرگرێت، بەڵام سەرەتا بەگوێرەی پێویستیەکان، واتە بۆ ئەو کەسانەی مەترسی مردنیان بەو نەخۆشیە زیاترە دابەش دەکرێت. ھەروەھا ئەو ڤاکسینە گرنگە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەگەری تووشبونیان زیاترە لە خەلکانی تر وەک کارمەندانی تەندروستی و ھەندێک پیشەی تر .

٣- ئەو ڤاکسینانە تا چەند کاریگەریان ھەیەو بۆ ماوەی چەند توانای بەرگری ئەو پەتایە بە لەشی مرۆڤ دەدەن؟

ئەو ڤاکسینانە بۆ ماوەی چەند مانگێک و ئەگەر ھەیە بۆ ماوەیەکی زیاتریش توانای بەرگری دروست بکات، وەڵامی وردی ئەو پرسیارە پێویستی بە چاوەڕوانیکردنی زیاتر ھەیە، لەبەرئەوەی ھێشتا ڤاکسینەکە نوێیەو تەنیا چەند مانگێک بەسەر تاقیکردنەوەی لە جەستەی مرۆڤدا تێپەڕیوە، دوای سالێکی تر کاریگەری ئەو ڤاکسینانە بەشێوەیەکی وردتر دەزانرێت و ئەو کاتە بۆمان دەردەکەوێت ئەگەر کاریگەریەکەی بۆ سالێک زیاتر بەردەوام بێت . ھەر ئەو ماوەیە بۆمان رووندەکاتەوە، کە ئایا ڤایرۆسەکە وەک ئەنفلوەنزا دەبێت بە شتێکی وەرزی ساڵانە و ئەو ڤاکسینە دەبیت بە شێوەیەکی وەرزی بەکاربھێنرێت یاخود نا.

٤- ئایا کەسێکی تووشبوو بەو پەتایە پێویستی بە وەرگرتنی ئەو ڤاکسینە ھەیە؟

ھەرچەندە ئەگەری تووشبوونەوەی ئەو کەسانەی چاکبوونەتەوە بۆ جاری دووەم ئێجگار کەمە لە کاتی ئێستادا بە تایبەت لە چەند مانگی یەکەمی پاش تێپەڕاندنی پەتاکە ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر ئەو کەسانە نەخۆشی تریان ھەبێت، یا لە تەمەن رۆچووبن، واباشترە ئەو ڤاکسینە وەربگرن چونکە دەزانین کە دژە تەن لە کەسانی تووشبوو دوای چەند مانگێک کەم دەبێتەوە و بەتەواوی دیارنیە لە ماوەی دوور خایەن ئەگەری دووبارە تووشبونەوە بەو پەتایە چەندە.

٥- ئایا پێویستە ھەموو خەلک ڤاکسینەکە وەرگرن بۆ ئەوەی پەتاکە بنبڕ بکرێت؟

نەخێر ، مەرج نیە، چونکە ھەر کاتێک لەسەدا شەستی خەلک تووشی ئەو پەتایە بوون یان ڤاکسینیان وەرگرت ، جۆرێک لە بەرگری بە کۆمەل دروست دەبێت و ڤایرۆسەکە توانای گواستنەوەی زۆر کەم دەبێتەوە.بەلام زۆر گرنگە کە ئەو کەسانەی بە تەمەنن یاخود نەخۆشیان ھەیە لە زووترین دەرفەت ڤاکسینەکە وەرگرن .

٦- ئایا ئەو ڤاکسینە بە ئاسانی دەگاتە دەست ھەموو کەسێک؟ 

ئێستا زۆر وولات خەریکن راستەوخۆ ئەو ڤاکسینە بۆ ھاولاتیانی خۆیان دەکڕن، بەشێک لەو ڤاکسینانە لەوانەیە لە رووی لۆژستیەوە گواستنەوەی بۆ ھەموو شوینێک کارێکی ئاسان نەبێت، بۆ نموونە ڤاکسینی فایزەر، کە پیویستە لە پلەیەکی گەرمی زۆر نزمدا ھەڵبگیرێت بۆ ئەوەی کاریگەری خۆی لە دەست نەدات.ھەروەھا لەرووی نرخەوە ڤاکسینەکی ئۆکسفۆرد — ئەسترازێنیکا لە ڤاکسینەکەی مۆدێرنا زۆر ھەرزانترە و لەسەر بنەمای نەویستنی قازانج ڤاکسینەکەیان بەرھەم ھێناوەو دابەش دەکەن .
بۆ ئەوەی پەتاکە دووبارە بلاونەبێتەوە لە بەرژەوەندی ھەموو وولاتاندایە ئەو ڤاکسینە بگاتە دەست ھەموو کەسێک، رێکخراوی تەندروستی جیھانی و یەکێتی ئەوروپاو رێکخراوە خێرخوازەکان و گەلێک رێکخراوی بواری تەندرووستی ھەر لە سەرەتای سەرھەلدانی ئەو پەتایەوە، لە بیری ئەوەدا بووینە کاتێک ڤاکسینەکە بەرھەم دێت چۆن بتوانن بە شێوەیەکی دادپەروەرانەو بە یەکسانی بگەیەننە ھەموو جیھان ، وەک دەرھاوێشتەیەکیش بۆ ئەو خەمخۆریە کۆڤاکس درووست بوو ، بۆ ئەوەی دلنیابن لەوەی ڤاکسینەکە دەگاتە دەست ھەموو ئەو وولاتانەی بەشدارن لە دەستپێشخەریەکە، بە بێ ئەوەی ڕەچاوی دۆخی ئابووری ولاتەکان بکرێت. شایانی باسە لە ئێستادا دوو لەسەر سێی جیھان بەشدارن لەو دەستپێشخەریە و کۆڤاکس لەو باوەرەدایە تاکو کۆتایی ٢٠٢١ بتوانن بڕی دوو بلیۆن ڤاکسین دابەش بکەن .

٧- کەی ئەو پەتایە بنبڕ دەکرێت و بەکۆتا دێت؟ 

پێشبینی ئەوە دەکرێت دوای دەستپێکردنی بەکارھێنانی ئەو ڤاکسینە رێژەی تووشبون بەو پەتایە روو لە کەمی بکات . بە گوێرەی لێکدانەوەکان لە ناوەڕاستی سالی داھاتوو ئەو پەتایە بە رێژەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و لە کۆتایی سالی داھاتوو ئەگەری ئەوە ھەیە نیمچە کۆنترۆل بکرێت ، ھەرچەندە بەشێک لە پسپۆران لەو باوەڕەدان، کە ئەو ڤایرۆسە بۆ ماوەیەکی درێژتر لە گەلمان دەمێنێتەوە و وەک ئەنفلونزا گۆڕانکاری بەسەر ڤایرۆسەکە دادێت و دەبێتە ڤایرۆسێکی وەرزی. بەلام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ڤایرۆسەکە گۆرانکاریشی بەسەردابێت، گۆڕینی ڤاکسینەکە کارێکی سەخت نیە ، وەک ئەوەی لە ئەنفلوێنزا دەبینرێت .